وتەبێژی تەندروستی هەولێر لەسەر دەرمانێك ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

26/07/2020
فۆتۆ: 

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گشتی هەولێر ڕایگەیاند، ئەو بە هیچ شێوەیەك باسی لەوە نەكردووە كە دەرمانی فاڤیپیراڤیر سودی نییە بۆ تووشبوانی كۆررۆنا .

بژار موسا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گشتی هەولێر لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە "ئێمە بەهیچ شێوەیەک باسمان نەکردووە کەوا سودی نییە بۆ تووشبووان بەڵام ئەو میکانیزمەمان ڕوونکردۆتەوە کە چۆن ئەنجامەکانی ئەم دەرمانە بەدەست دێت، سەبارەت بە بەکارهێنانی دەرمانی فاڤیپیراڤیر ".

ئاماژەی بەوەشكردووە ئەوان لە بەڕێوەبەرایەتی  گشتی تەندروستی هەولێر پشت دەبەستن بە پرۆتۆکۆڵی چارەسەری وەزارەتی تەندروستی عێراقی و پڕۆتۆکۆڵی چارەسەری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم بۆ ئەو نەخۆشانەی لەسەر داوای پزیشکی پسپۆڕی چارەسەرکار لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێم و بەخۆڕایی بەتووشبووان دراوە و بەپشت بەستن بەهەمان پڕۆتۆکۆڵ بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی بەو ئومێدەی کە لە توێژینەوەکانی جیهانی دەرکەوتووە کە سوودبەخشە بۆ تووشبووان.گ

ڕونیشیكردووەتەوە بۆ هەموو لایەك دوپاتی دەکەنەوە بەکارهێنانی ئەم دەرمانە لە ژێر چاودێری پزیشکی دایە .

ئەوەش لە كاتێكدایە لە دوو ڕۆژی رابردوودا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە گوایە وتەبێژی تەندروستی هەولێر ڕایگەیاندووە دەرمانی فاڤیپیراڤیر بە چاك و بە خراپ هیچ سودێكی نییە بۆ تووشبوانی كۆرۆنا .