بە ئامادەبوونى ژمارەیەک لە وەزیرەکان پەرلەمانى کوردستان کۆدەبێتەوە

27/07/2020
فۆتۆ: 

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانى کوردستان لە سەر بانگهێشتى سەرۆکى پەرلەمان کۆببێتەوە و لە کۆبوونەوەکەشدا ژمارەیەک لەوەزیرەکان بەشدارى بکەن.

بەپێى زانیاریەکان ئەمڕۆ هەریەک لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، خالید شوانی، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستانەکانی ھەولێر وبەغدا و ڤالە فەرید، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و حکومەت و وەک سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانیش بەشداری دانیشتنەکە دەکەن.

کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە، بڕیاربوو دوێنێ ئەو دانیشتنە بکرێت، بەڵام  دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لەراگەیەنراوێكدا بڕیاری دواخستنی دانیشتنەکەى بۆ ئەمڕۆدا.

دوێنێش هەریەک لە فراکسیۆنەکانى کۆمەڵ و یەکگرتووى ئیسلامى بەفەرمى بایکۆتکردنى دانیشتنەکەى ئەمڕۆى پەرلەمانیان راگەیاند.

لە نوساوێکیشدا بەفەرمى کارنامەى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ پەرلەمان بڵاوکراوەتەوە و تیایدا هاتووە، لە بڕگەى یەکەمى  دانیشتنەکەدا خوێندنەوە بۆ پرۆژەیاساى له‌ ئه‌ستۆكردنی فه‌رمانبه‌ران له‌هه‌رێمی كوردستان،  پێشنیازی یاسای به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنی شوێنه‌وارو كه‌له‌پوور له‌هه‌رێمی كوردستان-عیراق، پێشنیازی یاسای ڕێكخستنی میدیای ئه‌لیكترۆنی له‌هه‌رێم دەکڕیت .

تەوەرێکى دیکەى بەرنامەى کارى کۆبوونەوەکە تایبەتە بە دەنگدان لەسەر داواکارى دەستلەکارکێشانەوەى پەرلەمانتار سۆران عومەر .