فڕۆكەهەڵگرەكەی ئێران ئاڵۆزی لە نێوان واشنتۆن و تاراندا دروستکردووە

27/07/2020
هێزی دەریایی ئێران فڕۆكەهەڵگرێكی وەهیمی لە ئاوەكانی كەنداو جێگیر كرد
فۆتۆ: ماكسار تەكنەلۆجیز

ماوەی چەند ڕۆژێكە هێزی دەریایی ئێران فڕۆكەهەڵگرێكی وەهیمی لە ئاوەكانی كەنداو جێگیر كردووە و هێزی دەریایی ئەمریكاش هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە ڕاگەیاند .

ڕیبیكا ڕیباریش وتەبێژی كەشتیگەلی ئەمریكا لە ناوچەی كەنداو لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، هێزی دەریایی ئەمریكا نازانێت ئێران دەیەوێت لەڕێگەی ئەو فڕۆكەهەڵگرە وەهمییەوە لە شێوەی فڕۆكەهەڵگرەكانی ئەمریكا چی دەسكەوێت و بەهای تاكتیكی چییە، كە دەیانەوێت لە ڕاهێنان و هێرشەكانیاندا بەكاریبهێنێت .

بەگوێرەی ئەو وێنانەی كە مانگە دەستكردەكان تۆماریانكردووە، ئێران نموونەیەكی گەورەی لەشێوەی فڕۆكەهەڵگرەكانی ئەمریكا وچەند شێوەیەك لە فڕۆكەی لەسەر پشتی كەشتییەكەدا جێگیر كردووە و گواستوویەتیەوە بۆ كەنارە ئاوییەكانی نزیك گەرووی هورمز، كە ناوبەناو ئێران هەڕەشەی داخستنی دەكات .

وتەبێژەكەی كەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریكا كە بارەگاكەی لە وڵاتی بەحرەینە وتی "هێزی دەریایی ئەمریكا متمانەی بە تواناكانی خۆی هەیە بەرگری بكات لە هەر مەترسی و هەڕەشەك بۆسەری لەناوچەكەدا، ئێمە هەوڵی بەرپابووی هیچ ململانێ و ئاڵۆزییەك نادەین، بەڵام لە ئامادەباشیداین بۆ بەرگریكردن لە هێز و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە هەر مەترسی و هەڕەشەیەك، كە لە دەریاوە بكرێتە سەر ناوچەكە ".

چاودێرانی دۆخەكە دەڵێن ئێران بە ئەنقەست نموونەی هاوشێوەی فڕۆكەهەڵگری "نمیتس" ی دروستكردووە، كە لە ئێستادا لە دەریای عەرەبە لە نزیك گەرووی هورمز.

هەرچەندە نموونە وەهمیە دروستكراوەكەی ئێران لەو فڕۆكەهەڵگرەی ئەمریكا دەچێت، بەڵام دانانی نموونەی فڕۆكەكان لەسەری راستی نین و بچووكتریشە لە نموونە راستەقینە ئەمریكییەكە، چونكە هیچ جۆرە چەك و موشەكێكی بەرگری لەسەر جێگیر نەكراوە و لە هەمان ئەو مادە و كانزایانەش دروست نەكراوە، كە فرۆكە هەڵگرەكانی ئەمریكای لێ دروستكراوە، بۆیە هەر ئەوەش گومانی لەسەر ئەو بەهایە دروستكردووە كە ئێران لێوەی دەستی دەكەوێت لەبەكارهێنانیدا .

لە ساڵی 2005 بە هەمان شێوە ئێران نموونەیەكی دیكەی فڕۆكەهەڵگری بەكارهێنا لە راهێنانە دەریاییەكانیدا، كە گومان هەیە ئەوەی ئێستاش هەمان نموونەی پێنج ساڵ لەمەوبەر بێت كە بەكارهێناوە، بە تایبەت لەو كاتەی ناكۆكییەكان سەبارەت بە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران گەیشتبووە لوتكە .

بەگوێرەی ئەو وێنانەی كە مانگە دەستكردەكانی "ماكسار تەكنەلۆجیز" تۆماریكردووە، فڕۆكەهەڵگرە وەهمییەكەی ئێران 16 نموونەی دروستكراوی وەهمی فڕۆكەی جەنگی هەڵگرتووە .

درێژی فڕۆکەهەڵگرەکە نزیكەی 200 مەترە و پانیەكەشی 50 مەتر، بەڵام فڕۆكەهەڵگری نمتیسی راستەقینەی ئەمریكا، درێژییەكەی 300 مەتر و پانیەكەشی 75 مەترە .

وێنەی مانگەدەستكردەكان دەریانخستووە، یەكێك لە بەلەمە هێرشبەرەكانی هێزی دەریایی ئەمریكا بە ئاراستەی فڕۆكەهەڵگرە وەهمییەكە جوڵەی كردووە، وەك بەشێك لە ڕاهێنان و چاودێرییەكانی دەریایی ناوچەكە.

ئێران ساڵانە مانۆڕی دەریایی لەناوچە دەریاییەی كەنداو ئەنجام دەدات، كە نزیكەی دوو لەسەر سێی هەموو نەوتی خاوی جیهانی پێدا هەناردە دەكرێت بۆ بازاڕەكانی وزە، بەڵام توانا دەریاییەكانی هێشتا جێگەی گومانە، بە تایبەت دوای ئەوەی یەكێك لە كەشتییە جەنگییەكانی لە كاتی ڕاهێنانەكاندا لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بە هەڵە بە موشەكێكی هێزی دەریایی خودی ئێران تێكشكا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان سەربازی هێزی دەریایی ئەو وڵاتە .

پسپۆڕان باس لەوە دەكەن تاران بەم نزیكانە پلانی هەیە ئەو فڕۆكەهەڵگرە وەهمیە بۆ توڕەكردن و ئیستیفزازكردن لە ڕاهێنانەكانیدا بەكاربهێنێت و بە تەقەمەنی راستەقینە هێرشی بكاتە سەر، كە ناوبەناو هێزی دەریایی ئێران لە ناوچە ئاوییەكانی كەنداو و گەرووی هورمز پیادەی دەكات .

لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوودا ژەنەڕاڵ "ئەمیر حاجی زادە" فەرماندەی هێزی ئاسمانی و فەزائی سوپای پاسدارانی ئێران، هەڕەشەی كردنە ئامانجی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا و فڕۆكەهەڵگرەكانی كرد لە ناوچەی كەنداو .

ساڵی رابردوو زنجیرەیەك ئاڵۆزی و هێرش لە نێوان ئەمریكاو ئێران لەناوچەی كەنداو ڕوویاندا، بە تایبەت ئەو هێرشە یەك لەدوای یەكانەی كە كرانە سەر كەشتییە نەوتهەڵگرەكان لە دەریای عەرەب و كەنداو و ئێرانی پێ تۆمەتبار كرا بە ئەنجامدانیان .

ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریكی لەدوای كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا لە سەرەتای ساڵی رابردوودا گەیشتنە لوتکە، بە تایبەت كاتێك ئێران چەند بنكە و سەربازگەیەكی تایبەت بە هێزەكانی ئەمریكای لە عێراق كردە ئامانج و بە موشەك هێرشی كردە سەریان .

بەگوێرەی یاسای دەریاوانی ئێران تاك لایەنە ناتوانێت گەرووی هورمز دابخات، چونكە بەشێكی ئاوی دەریاكە دەكەوێتە سنوری ئاوە هەرێمایەتییەكانی دەوڵەتی عومانەوە، هاوكات چەندجارێكیش هێزی دەریایی ئەمریكا هۆشداری داوەتە ئێران، كە هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست دەگرێتە بەر بۆ سەلامەتی دەریاوانی لە گەروەكەدا هێشتنەوەی بە كراوەیی .