بزوتنەوەی ئیسلامی: پێویستە بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی فراوان دروستبكرێت

27/07/2020
عەبدوڵا وەرتی وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان
فۆتۆ: 

عەبدوڵا وەرتی وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان ڕایگەیاند، پێویستە بەرەكی ئۆپۆزسیۆنی فراوان دروستبكرێت لەو هێزانەی كە خۆیان بە بە بەرەی گەل دەزانن .

وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ دووشەممە ۲٧ـی تەممووزی۲۰۲۰، بڵاوی کردەوە، رایگەیاند "بەشێكی زۆری خراپی دۆخی سیاسی هەرێمی کورستان پەێوەندی بە ناتەبایی و بێپلانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە هەیە، کە نەیانتوانیوە بە هاوبەشی و لەچوارچێوەی بەرەیەکی یەکگرتوودا فشار دروستبکەن لەسەر دەسەڵات و هەڵتەکاندنی پایەکانی زوڵم و ستەم ".

ئاماژەی بەوەشكردووە، پێویستە بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی فراوان دروستبکرێت لەو هێزانەی کەخۆیان بە بەرەی گەل دەزانن، چونکە هەر یەکێک لەو هێزانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن بە تەنها ناتوانن  گۆمەکە بشڵەقێنن و دەسەڵات ناچاربکەن بۆداننان بە شکست و ملدان بۆخواستی هاووڵاتیان و شەقامی ناڕازی .

وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی جەختیكردووەتەوە، ئەگەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان هەڵوێستیان یەکبخەن و ڕێبەرایەتیەکی ڕاستەقینەی خواستی هاووڵاتیان بکەن بەهاوبەشی، دەکرێت جارێکی تر ئومێد بگێڕنەوە بۆخەڵکی کوردستان .