یەکەم حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئاژەڵاندا لە بەریتانیا تۆمارکرا

27/07/2020
یەکەم حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئاژەڵاندا لە بەریتانیا تۆمارکرا
فۆتۆ: فۆتۆ: بی بی سی
لەندەن

یەکەم حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئاژەڵاندا لە بەریتانیا تۆمارکرا، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵەکانەوە ناگوازرێتەوە بۆ مرۆڤەکان.

میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، پشکنینی تایبەتی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 ، بۆ پشیلەیەک لەو وڵاتە کراوە و ئەنجامی پشکنینەکە پۆزەتیڤ دەرچووە.

پسپۆڕانی بەریتانیا رایانگەیاندووە، ئەوە بۆ یەکەم جارە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئاژەڵاندا لە وڵاتەکەیان تۆماردەکرێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤەکان.

ئاشکراشیانکردووە، ڤایرۆسەکە لەڕێی خاوەنی پشیلەکەوە گوازراوەتەوە بۆ پشیلەکە، کە پێشتر تووشی کۆرۆنا بووە و لە ئێستادا دۆخی تەندروستی هەردووکیان جێگیرە.

لەوبارەیەشەوە کریستیەن میدڵمیس بەڕێوەبەری گشتی ڤێتەرنەری بەریتانیا رایگەیاندووە، ئەمە حاڵەتێکی دەگمەنە کە ئاژەڵێک نیشانەکانی  ڤایرۆسی کۆرۆنای بەسوکی تێدا دەردەکەوێت و لەماوەی چەند رۆژێکی کەمدا چاکدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە بیسەلمێنێت ڤایرۆسەکە لە پیشلەکەوە بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤەکان.

دەشڵێت، بەردەوام دەبن لەوەی بەوردی و لەنزیکەوە چاودێری دۆخی پشیلەکە و خاوەنەکەی بکەن، بۆ ئەوەی بگەن بە ئەنجامێکی باشتر.

دوابەدوای ئەو هەواڵەش بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گشتی بەریتانیا دوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد، پێش و پاش تێکەڵبوونیان لەگەڵ ئاژەڵەکان، دەستەکانیان بەبەردەوامی و بەباشی بشۆن.

بەپێی دواین ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ١٦ ملیۆن و ٥٣٥ هەزار و ٥٢٤ کەس لە سەرتاسەری جیهان تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش ٦٥٤ هەزار و ٨٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٠ ملیۆن و ١٢٧ هەزار و ٥٠٧ تووشبووش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.