دوای داوایەکی نێچیرڤان بارزانی لە لاهور شێخ جەنگی یەکێتی و پارتی کۆبوونەوە

27/07/2020
نێچیرڤان بارزانی و لاهور شێخ جەنگی
فۆتۆ: 

کۆبوونەوەکانی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی، دوای داوایەکی نێچیرڤان بارزانی بووە لە لاهور شێخ جەنگی بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی.

بەپێی زانیارییەکان، پێش کۆبوونەوەی باڵای یەکێتی و پارتی، نێچیرڤان بارزانی بەتەلەفۆن لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی قسەی کردووە و داوای لێکردووە پارتی و یەکێتی پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە.

دوای داواکەی نێچیرڤان بارزانی لە لاهور شێخ جەنگی، یەکێتی بافڵ تاڵەبانی ڕاسپاردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی.

کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دوێنێ شەو تاوەکو کاتژمێر یەک بەردەوام بووە ڕێکەوتن لەسەر ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حزب و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک پێکدەهێنرێت.

ئەم لیژنە هاوبەشەكەی پارتی‌و یەكێتی بڕیارە لەدوای پشووی جەژنی قوربانەوە دەست بە زنجیرەیەك كۆبونەوە بكەن بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشە‌و ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حزب .

بەپێی زانیارییەكانیش لە پارتی هەریەكە مەسعود بارزانی سەرۆكی حزب‌و مەكتەبی سیاسی ‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، لە یەكێتیش لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی حزب‌و مەكتەبی سیاسی رەزامەندییان لەسەر دەستپێكردنی ئەم گفتوگۆیان دەربڕیوە.

هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاریدا تا کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەکرێت و ڕێگەچارەیەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر حکومڕانی لە هەرێم  و ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغدا و موچە و ژیانی خەڵک دانەنرێت، کۆبوونەوەی پەرلەمان نەکرێت و سەرۆکی پەرلەمانیش نەچێتەوە پەرلەمان.

ئەو بڕیارەی یەکێتی ناڕەزایی پارتی لێکەوتەوە و ناکۆکییەکانی نێوانیانی زیاتر قوڵکردەوە بەڵام دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لاهور شیخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی گرژییەکانی نێوان ئەو دوو حزبە هێوربوونەوە.