تەندروستی هەولێر چەند رێنماییەكی بۆ كاری نەخۆشخانەكان لە جەژندا راگەیاند

28/07/2020
فۆتۆ: 

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر12 رێنمایی بۆ رۆژانی جەژنی قوربان دەركرد و رایگەیاند، پێویستە رۆژانە ئامارەكانی نەخۆشخانەكان تۆماربكرێن و رەوانەی تەندروستی بكرێنەوە.

بەگوێرەی نوسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر، كە ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و نەخۆشخانە و بنكە تەندروستیەكان كردووە، تیایدا هاتووە، 12 رێنماییان تایبەت بە پشوی فەرمی جەژنی قوربان دەركردووە. 

بە گوێریە ئەو رێنماییانەی بڵاویكردووەتەوە، ناوەندە تەندروستیەكان دەبێت پابەندی تەواوی رێنماییەكانی تەندروستی بن بۆ پاراستنی ژیانی كارمەندان و هاوڵاتیان، هەروەها رێنماییەكانی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا جێبەجێبكەن.

لیژنەیەكی بەدواداچون لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و نەخۆشخانەكان پێكدەهێندرێت، دەرمان و پێداویستی بۆ ئەو ماوەیەش دابیندەكرێت، هەروەها دەبێت پزیشكانی پسپۆڕ و نیشتەجێ و كارمەندانی تەندروستی لەگەڵ ئێشكگردا ئامادەبن.