ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەبەری تەندروستی شارەكەی بەفەرمی هەڵبژارد

28/07/2020
فۆتۆ: 

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی جێگرێكی نوێی بۆ پارێزگری سلێمانی دیاریكرد و سەباح هەورامیش بە قفەرمی كرایە بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی.

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا لە بارەی لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دەنگدان بۆ دیاریكردنی چەند بەڕێوەبەرێكی گشتی و جێگرێكی نوێ بۆ پارێزگاری سلێمانیش ئەنجامدرا. 

كۆبوونەوەكە كۆبوونەوەی ژمارە 59ی ئاسایی ئەنجوومەنەكە بوو بەئامادەبونی دەستەی سەرۆكایەتی و 24 ئەندام لەكۆی 32 ئەندامی ئەنجوومەن  بەڕێوەچوو. 

لە كۆبوونەوەكەدا هەریەكە لە لەیلا عومەر عەلی بۆ پۆستی جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ كاروباری كارگێڕی دیاریکرد و سەباح نەسرەدین ئەحمەد، كە پێشتر بە وەكالەت ئەو پۆستەی بەڕێوە دەبرد بە فەرمی كرایە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە دەنگی 27 ئەندامی ئامادەبووی ئەنجوومەنەكە. 

هاوكات هەر لەو كۆبوونەوەیەدا عەلی رەئوف غەفوور، بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی بە تێكڕای دەنگ دیاریكرا و دەرباز قادر محەمەد بەدەنگی 18 ئەندام بۆ پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەكان لە قەزای دوكان، ئاوارە حەمەشەریف بەدەنگی 19 ئەندام بۆ پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی وارماوە لە قەزای شارەزوور دیاریكران.