پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان ئاسایی دەبنەوە
پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان ئاسایی دەبنەوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هەولێر
ئەو شەپۆلە گەرمایەی ڕووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە، لە ڕۆژانی جەژندا، ئاسایی دەبێتەوە و پلەی گەرما چوار بۆ شەش پلە دادەبەزێت .
فازڵ ئیبراھیم، بەڕێوبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان، بە تۆڕی ھەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ دوایین ڕۆژی ئەو شەپۆلە گەرمایەیە کە ماوەی چەند ڕۆژێکە ڕووی لە عێڕاق و ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە ".
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە سبەی چوارشەممەوە، پلەکانی گەرما دادەبەزن و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە ".
سەبارەت بە پلەکانی گەرما لە ڕۆژانی جەژن، بەڕێوبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێم، رایگەیاند، شەپۆلەکە بە تەواوی کۆتایی دێت و پلەکانی گەرما ئاسایی دەبنەوە، بەراورد بە ڕۆژانی پێشووش، تێکڕای پلەکانی گەرما چوار بۆ شەش پلە دادەبەزێت .
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێکی گەرما رووی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و پێشبینیش دەکرێت، ئەمڕۆ بەرزترین پلەی گەرما لە ھەرێم تۆمار بکرێت و لە هەندێک شوێن بگاتە سەروو پەنجا پلەی سەدی .
|