زیانلێکەوتووانی بازاڕە سووتاوەکەی هەولێر قەرەبوو دەکرێنەوە
بازاڕی سیمی میللی هەولێر کە هەینی رابردوو سووتا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هەولێر
زیانلێکەوتووانی بازاڕی سیمی لە ھەولێر قەرەبوو دەکرێنەوە کە هەینی رابردوو بەهۆی ئاگرکەوتنەوە زیانی ماددیان پێگەیشت.
دوای ئەوەی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕابردوو، بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە سووتا و زیاتر لە ٢٥٠ دوکان زیانیان پێگەیشت، فرەسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زیانلێکەوتووان و دوکاندارانی ئەو بازاڕە، سەردانی بازاڕەکەی کرد، دواتر لیژنەیەک بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنجومەنی بازاڕەکە پێکهێنرا بۆ گواستنەوەی بازاڕەکە بۆ شوێنکی گونجاو.
بەمەبەستی یارمەتیدانی کاسبکاران و ئەوانەی لەئاکامی ئاگرکەتنەوەکە زەرەرمەند بوون و هەروەها بۆ ئەوەی کار و کاسبی خەڵک نەوەستێت و بتوانن لە کاری ڕۆژانەی خۆیان بەردەوامبن، پارێزگاری هەولێر بڕیاریدا لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێم و بەشێوەیەکی کاتی ئەو دوکانانەی کە سووتاون نۆژەن بکرێنەوە .
هەروەک بۆ گواستنەوەی بازاڕەکە و دروستکردنی بازاڕێکی مۆدێرن و سەردەمیانە بە میکانیزمێکی گونجاو و ڕەزامەندی کاسبکاران، بڕیاردرا تەواوی خزمەتگوزارییەکانی وەک، ئاو، کارەبا، قیرتاوکردنی شەقامەکانی و سیستەمی بەرگری شارستانی دابنیبکرێت بۆ ئەو شوێنەی کە دەستنیشان دەکرێت بۆ زیانلێکەوتووان.
بازاڕی سیمی میللی، کەوتۆتە گەڕەکی کوردستان لە ھەولێر، ڕۆژی ھەینی ڕابردوو بە ھۆکارێکی نادیار گڕیگرت و لەکۆی ٦٠٠ دوکان، نزیکەی ٢٥٠ دوکان سووتان.
|