خالید شوانی: لەگەڵ بەغدا نزیکبووینەتەوە لە رێککەوتن

28/07/2020
خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ بەغدا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هەولێر

خالید شوانی رایگەیاند، لەگەڵ بەغدا نزیکبوونەتەوە لە رێککەوتن و لەوانەیە دوای جەژنی قوربان بچنەوە بەغدا و دەست بە گفتوگۆکان بکەنەوە.

لە میانی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ بەغدا رایگەیاند، ئەگەر لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بگەنە رێککەوتن، هەولێر لەو قەرزە نێودەوڵەتیانەش سودمەند دەبێت کە بۆ پڕۆژەی ستراتیژی و وەبەرهێنان دەدرێت بە عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەشێوەیەکی گشتی ئێمە باوەڕمانوایە بەغدا شوێنی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستانە، ئەوەش سیاسەتی کابینەی نۆیەم بووە لەسەرەتاوە".

ئاشکراشیکرد، ئەمڕۆ دوا پێشنیاز لەلایەن بەغداوە بەدەستیان گەیشتووە  و ئەوانیش وەڵامەکانیان ئامادەکردووە و گەڕاندوویانەتەوە بۆ حکومەتی ناوەندی.

خالید شوانی راشیگەیاند، "بەرەوپێشچوونی باش هەیە لە گفتوگۆکانماندا لەگەڵ بەغدا و ئەگەر بەو ڕیتمە بڕۆین لەوانەیە دوای جەژن بچینەوە بەغدا و دەست بە دانوستانەکان بکەینەوە".

وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ بەغدا راشیگەیاند، هۆکاری نەگەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا تائێستا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شاندی هەرێم دەخوازێت رێککەوتنێک بکات بە گوێرەی دەستور بێت و تایبەتمەندی، دەسەڵاتەکان و قەوارەی هەرێم بپارێزێت.