لە هەولێر یەکێتی زانایان داواى کردنەوەى مزگەوتەکان دەکات

29/07/2020
وێنەى وتەبێژی لقی ھەولێری یەکێتی زانایان
فۆتۆ: فۆتۆ: ئەیوب ساڵح

وتەبێژی لقی ھەولێری یەکێتی زانایان داوا لە حکومەت دەکات لە رۆژانى جەژنى قوربان وەک سەرجەم شوێنەکانى دیکە و بە جێبەجێکردنى رێنماییە تەندروستیەکان مزگەوتەکان بکرێنەوە.

مامۆستا رەعد ئۆمەر بلى، وتەبێژی لقی ھەولێری یەکێتی زانایان بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، داوا لە هاوڵاتیان دەکەن لە رۆژانى جەژنى قورباندا پابەندى رێنماییە تەندروستییەکان بن، ئەوە لە ئاییندا وەرگیراوە هەرکاتێک بڵا یان ناخۆشیەک هەبوو مسوڵمانان دەبێت لە خەڵکى دیکە هۆشیارتربن لەو گرفتەى روبەڕووى کۆمەڵگە دەبێتەوە.

 وتیشى، داوا لە حکومەتى هەرێم دەکەن ئاسانکارى بۆ هاوڵاتیان بکات، لەکاتێکدا ئێستا کە بازاڕ و شوێنەگشتیەکان کراونەتەوە باوەڕیان وایە هۆکارێک نەمابێت بۆ نەکردنەوەى مزگەوتەکان، داوادەکەن مزگەوتەکانیش بکرێتەوە، بە جێبەجێکردنى رێنماییە تەندروستیەکان.

ئاماژەى بەوەشکرد، مەترسى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا زۆرە و بەشێک لە هاوڵاتیانیش پابەند نابن، ئەوانیش ئیحراج بوون بەوەى مزگەوتەکان بکرێنەوە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لەسەر خەتن بۆ کردنەوەىن داواش لە حکومەت دەکەن لە رۆژانى جەژندا بکرێتەوە.

لە پەیامیکیشدا لەبارەى قوربانیکردنەوە وتى، ناکرێت رێگرى لە ئەنجامدانى قوربانى بکرێت، پێویستە لەوشوینانەى رێگە پێدراوە قوربانیەکە بکریت، ئەوانەش کە قوربانى دەکەن پێویستە شوینەکە خاوێن بێت.
داڕشتنەوە: شادان حەسەن