هەولێر؛ دژی قسەکانی پەرلەمانتارەکەی پارتی مامۆستایانى ئایینی گردبوونەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران، بەشێک لە مامۆستا ئایینییەکانی ھەولێر، دژی قسەکانی دوێنێی پەرلەمانتارەکەی پارتی گردبوونەوە .
لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانتارێکی پارتی، لە درێژەی قسەکانیدا، باسی لە گەندەڵی و خەلیفەکانی ڕاشیدەین کرد، کە کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا و بەشێک لە مامۆستا ئاینییەکانی ھەولێریش ھەڵوێستیان لەھەمبەر ئەو کارە وەرگرت .
ئەو مامۆستا ئایینییانە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، سووکایەتی و قسەکردن لەسەر پیرۆزییەکانیان لەناو ھۆڵی پەرلەمان، بەھیچ شێوەیەک جێگەی قەبووڵکردن نییە و دەبێ بکەرانی ئەو کارانە داوای لێبووردن لە موسڵمانان بکەن .
دەشڵێن، پێویستە سەرۆکایەتی پەرلەمان، رێگە بەو جۆرە کەسانە نەدات، بە ھەموو شێوەیەک و بە ھەر مەبەستێک بێت قسە لەسەر گەندەڵی و خەلیفەکانی ڕاشیدەین بکەن.
ئەمە لەکاتیکدایە، لە کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانى کوردستان، ھێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی، لەکاتی ئاڕاستەکردنی پرسیار لە وەزیری دارایی، قسەی لەسەر گەندەڵی لە سەردەمی خەیلفەکانی ڕاشیدەین و بە دیاریکراوی (عوسمانی کوری عەففان) کرد و ئەوەش کاردانەوەی لێکەوتەوە .
هاوکات ھەر دوێنێش، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و ئیدانە ئەو کارەیان کرد، پەرلەمانتارەکەش لە پەخشى راستەوخۆدا داوای لێبووردنی لە موسڵمانان کرد و پەشیمانی خۆی لەو قسانەى کردى دەربڕى.
داڕشتنەوە: شادان حەسەن
|