ئەفسەرێكی پۆلیس موچەی 60 پۆلیس لەسەر ئەركی خۆی دابین دەكات

29/07/2020
سەیفوڵا غازی بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی فریاكەوتن لە قەزای شێخان
فۆتۆ: مازن شنگالی

ئەفسەرێك لە هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتنی قەزای شێخان، موچەی زیاتر لە 60 پۆلیسی فەرمانگەكەی لەسەر ئەركی خۆی دابین دەكات .

سەیفوڵا غازی بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی فریاكەوتن لە قەزای شێخان بە تۆڕی هەواڵی ژیان ی ڕاگەیاند "لەدوای ئەوەی نزیکبووینەوە لە جەژنی قوربانی پیرۆز و موچەی فەرمانبەران بە گشتی لە لایەن حکومەتەوە دابەشنەکرا، بڕیارم دا بەپێی تواناکانی خۆم هاوکاری کارمەندانی پۆلیس بکەم لە سنوری قەزاکە " .

ئاماژەی بەوەشكرد، موچەی زیاتر لە ٦٠ کەسم دابینکردووە، بەپێی پێویستی ئەوان کە پێویستییان بە چەند پارە هەیە .

ئەو ئەفسەرەی پۆلیس وتی "ئەو کارەم وەک ئەركێكی ئەخلاقی و ئاینی و ڕۆحی هاوکاری كردووە هەم بۆ ئەو کارمەندانە وە هەمیش بۆ حکومەت خۆی " .

داواشی کرد سەرمایەداران و خێرخوازان هاوکاری ئەو کەسانە بکەن کە ناتوانن بەپێی پێویست ئامادەکاری بۆ جەژن بکەن و کەلوپەل بۆ ماڵ و منداڵەکانیان بکڕن، بەتایبەتی ئەو موچەخۆرانەی کە تا ئێستاش موچەیان وەرنەگرتووە .

پێشتریش بەڕێوەبەری پۆلیسی كەلار 40 ملیۆن دیناری قەرز كردوو بەسەر فەرمانبەرەكانیدا دابەشی كرد، تا ئەو كاتەی حكومەتی هەرێم موچە دابەشدەكات .