ورده‌كاری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڵاوكرایه‌وه‌

29/07/2020
فۆتۆ: 

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، پێشوازی له‌و كه‌شه‌ ئه‌رێنی و له‌یه‌كگه‌یشتنه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ئه‌نجامی گفتوگۆی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ بۆ نه‌هێشتنی گرژییه‌كانی ناوخۆ.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم،  ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی تەموزی ٢٠٢٠ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە.

ھەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، مەسرور بارزانی باسی ئەو کەشە ئەرێنی و لەیەکگەیشتنەی کرد کە لە ئەنجامی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان ھاتووەتە ئاراوە بۆ نەھێشتنی گرژییەکانی ناوخۆ و بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، دەستخۆشی لەو گفتوگۆ و دیدارانە کرد کە ھەنگاوێکی گرنگە، بۆ یەکڕیزی و پشتیوانیکردنی زیاتر لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان .

سەرۆک وەزیرانی ھەرێم سوپاسی وەزیرەکانی کردوە، بۆ خستنەڕووی زانیاریی و روونکردنەوەی بابەتەکانی پەیوەست بە پرسیاری پەرلەمانتارانی کوردستان. ستایشی ئەو  ھەماھەنگی و کارکردن بە گیانی یەک تیمی کرد، کە لە نێو کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە. 

لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕو، ھەریەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بە پێی تایبەتمەندیی، پوختەی پرسیار و سەرنجی پەرلەمانتارانیان لە دانیشتنی پەرلەمان لە ڕۆژانی ٢٧- ٢٨ ی تەمموزی ٢٠٢٠ بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو لەسەر تەوەرەکانی تایبەت بە دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی پەتای کۆرۆنا ڤایرۆس و دواتریش بابەتی دۆخی دارایی وئابووری ھەرێم و دوا پێشھاتەکانی دانووستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی. 

مەسرور بارزانی باسی لە دوایین ئەنجامەکانی گفتوگۆی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی کردوە و رایگەیاندوە، گفتوگۆ و دانوستان بەردەوامە و حکومەتی ھەرێم دووپاتی پابەندبوون بە ئیلتزامە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە لە بەرامبەر دابینکردنی ماف وشایستە دەستوورییەکانی ھەرێم، چەندین پێشنیاریش بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ئالوگۆڕ کراون و ھیوای خواست لە نزیکترین دەرفەتدا، دوای پشووەکانی جەژن بگەینە ڕێکەوتنێکی ھاوسەنگ کە بەرژەوەندی ھەردوولای تێدا پارێزراو بێت.

لەبارەی دۆخی موچەی فەرمانبەرانیشەوە، سەرۆک وەزیرانی ھەرێم ئاشکرایکردوە، پلان و ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانی دارایی و بە تایبەتیش دابینکردنی شایستەی دارایی موچەخۆران کە ئەرکی لە پێشینەمانە.

لەراگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ دەربارەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکانی ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە تایبەتی لە ڕۆژانی جەژنی قوربان کرا . ئەنجوومەنی وەزیران ژوورەکانی ئۆپەراسیۆنی ڕاسپارد بۆ دەرکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنمایی تەندروستی نوێ لە پێناوی پاراستنی ژیان وسەلامەتی ھاوڵاتیان.