ئەمریکا سزای بەسەر کوڕەکەی بەشار ئەسەددا سەپاند

29/07/2020
بنەماڵەی ئەسەد
فۆتۆ: ئەرشیڤ
واشنتن

ئەمریکا سزای بەسەر حافز ئەسەدی کوڕی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا و چەند کەسایەتی و دامەزراوەیەکی دیکەی ئەو وڵاتەدا سەپاند.

لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای قەیسەر کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە ئیمزاکراوە، بەمەبەستی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی سوریا، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی٧ی٢٠٢٠، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ناوی هەریەکە لە حافز ئەسەد کوڕە گەورەی بەشار ئەسەد، وەسیم ئەلقەتان بازرگانی دیاری سوریا و یەکەیەکی سەربازی سەربە سوپای ئەو وڵاتەی خستەناو لیستی سزادراوانی واشنتنەوە.

بەپێی زانیاری میدیاکانی ئەمریکا، سزادانی حافز ئەسەد کە بەناوی باپیرییەوە ناونراوە و لەساڵی 2001 لەدایکبووە، بۆ رێگریکردنە لەگواستنەوەی پارە لەلایەن رژێمی سوریاوە .

لەوبارەیەوە بەپرسێکی باڵای ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، کوڕەکەی ئەسەد هەمان سزای باوک و دایکی بەسەردا سەپێنراوە و هیچ جۆرە مامەڵەیەکی گواستنەوەی پارەی بۆناکرێت .

راشیگەیاند، بەمدواییانە کوڕە سزادراوەکەی بەشار ئەسەد زیاتر ناو و ناوبانگی دەرکردبوو و بەناوی دایک و باوکیشییەوە بازرگانی دەکات .

دەربارەی ئەو بازرگانەش کە سزادراوە، ئەو بەرپرسەی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەلقەتان خاوەنی کۆمپانیا و مۆڵی زۆرە لەدیمەشقی پایتەختی سوریا و هاوکاری حکومەتی ئەو وڵاتە دەکات.