ئۆپەراسیۆنی هەولێر: داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکەین نوێژی جەژن ئەنجامنەدەن

29/07/2020
هەولێر
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هەولێر

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر داوا لە مامۆستایانی ئایینی پارێزگاکە دەکات نوێژی جەژنی قوربان ئەنجامنەدەن.

سەبارەت بە رێکارەکانی خۆپارێزی رۆژانی جەژن، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بۆ بەرژەوەندیی گشتیی و پاراستنی سەلامەتی داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکەین پابەندی رێكارەكانی خۆپارێزی بن و لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، نوێژی جەژن ئەنجامنەدەن.

دەقی راگەیەندراوەکەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر:

ڕاگەیندراوێک لە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەمە 2020.7.29، بەسەرپەرشتی د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا .

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆز گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی خەڵکی خۆشەویستی سنووری پارێزگای هەولێر و هەرێمی کوردستان و سەرجەم موسڵمانانی جیهان دەکات و هیوادارین جەژنی قوربانی ئەمساڵ ببێتە مایەی ساغ و سەلامەتی و تەندروستی بۆ هەموو لایەک و جەژنی ئاشتی و خۆشی و بەختەوەری بێت، سەبارەت بە رێکارەکانی خۆپارێزی و بڕیار و ڕاسپاردەکان لە ڕۆژانی جەژن، کۆبوونەوە گەیشتە ئەم دەرەنجامەی خوارەوە :-

یەکەم/ کۆبوونەوە جەخت لەپابەندبوون بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی بەیانی ژمارە ( 44 )ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و داواش لە سەرجەم هاووڵاتییانی خۆشەویستی سنووری پارێزگای هەولێر دەکات له‌ ڕۆژانی جه‌ژنی قوربانی پیرۆز، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و بۆخۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا و پاراستنی تەندروستی شارەکەمان و سه‌لامه‌تیی ئازیزانیان، خۆیان بە دووربگرن لە ‌سه‌ردان وهاتووچۆکردن و به‌ریه‌ككه‌وتن و هەموو جۆرە گردبوونەوە و قه‌ره‌باڵغییەک .

دووەم/ وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ مامۆستایانی ئایینیی و هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، داواکارین لێیان هەروەک چۆن لە ڕابردوودا هاوکارمان بوونە لە پابەندبوون بە بڕیار و ڕاسپاردەکان، لە رۆژانی جەژنیش بەهەمانشێوە و بەرپرسیاریەتییەوە بۆ بەرژەوەندیی گشتیی و پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی شارەکەمان پابەندبن بە رێكارەكانی خۆپارێزی و تەندروستیی و لەیەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز مەراسیمی نوێژی جەژن ئەنجامنەدەن .

سێیەم/ ئه‌م شوێنانه‌ش به‌داخراوی ده‌مێننه‌وه‌ :

"مەراسیمی سەرقەبران، دانانی پرسە لە(هۆڵ، ماڵ، لەژێرخێوەت) لەگەڕەک و شوێنە گشتییەکان، هۆڵه‌كانی ئاهه‌نگ گێران، هۆڵه‌كانی بووك گواستنه‌وه‌، یانه‌ی شه‌وانه‌، نێرگه‌له‌كێشان، هۆڵ و سه‌نته‌ره‌كانی له‌شجوانی، هۆڵه‌كانی وه‌رزشی، مه‌له‌وانگه‌، ئاهه‌نگی شه‌وانه‌، یانه‌كانی مه‌ی خواردنه‌وه‌ (بار)، گه‌رماو (حه‌مام)، سه‌نته‌ره‌كانی مه‌ساج ".

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر

2020.7.29