پۆلیسی سلێمانی: ئەو شۆفێرەی بەئۆتۆمبێلەکەی لەژنێکی دا و هەڵهات دەستگیرکرا

29/07/2020
لە سلێمانی ئەو شۆفێرەی بەئۆتۆمبێلەکەی لەژنێکی دا و هەڵهات دەستگیرکرا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

لە سلێمانی ئۆتۆمبێلێک لەژنێکی دا و دوای گەیاندنی بەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، دوای ڕوداوەکە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە هەڵهات بەڵام دواتر لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراوە .

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ٢٠٢٠/٧/٢٩، لەشەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود، نزیک سیتییەکانی گۆیژە، ئۆتۆمبێلێک لەئافرەتێکی دا و دواتر هەڵهات.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەکانی دیکە بۆ شوێنی ڕوداوەکە، ژنەکە گەیەندرایە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا .

ئەوەشی خستەڕوو، دواتر ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد بۆ دۆزینەوەی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە، توانرا لەماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێر، لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ئازادییەوە ئۆتۆمبێلەکە بدۆزرێتەوە و شۆفێرەکەش دەستگیر بکرێت .

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راشیگەیاند، لەئێستادا تۆمەتبارەکە بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەڕوداوەکە بەردەوامە .