عەمید ئاسۆ: داڵدەدانى تۆمەتبار لە نێوان سلێمانى و هەولێر کۆتایی پێهاتووە

29/07/2020
عەمید ئاسۆ تەها بەڕێوەبەرى گشتى پۆلیسى سلێمانى
فۆتۆ: فۆتۆ: تیشکۆ سدیق
سلێمانی

بەڕێوەبەرى پۆلیسى پارێزگای سلێمانى رایگەیاند،داڵدەدانى تۆمەتبار لە نێوان سلێمانى و هەولێر کۆتایی پێهاتووە و دەشڵێت، بڕیارە لەو ئۆتۆمبێلانەى بۆ پۆلیسى هەولێر دابینکراوە، بۆ پۆلیسی سلێمانیش دابینبکرێت.

لە میانی بەرنامەی 15 خولەکی تۆڕی هەواڵی ژیان-دا، عەمید ئاسۆ تەها بەڕێوەبەرى گشتى پۆلیسى سلێمانى رایگەیاند، حکومەت جیاوازى ناکات لە نێوان پۆلیسى سلێمانى و هەولێر بۆ دابینکردنى پێداویستییەکانیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە لەو ئۆتۆمبێلانەى بۆ پۆلیسى هەولێر دابینکراوە، بۆ پۆلیسی سلێمانیش دابینبکرێت.

وتیشی، چەند ساڵێکە حکومەتی هەرێم جل بۆ پۆلیس دابین ناکات و خۆیان دەیکڕن.

دەشڵێت، چەند جارێک لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، جلیان بۆ هێزە تایبەتەکانمان کڕیوە.

بەڕێوەبەرى پۆلیسى پارێزگای سلێمانى راشیگەیاند، داڵدەدانى تۆمەتبار لە نێوان سلێمانى و هەولێر کۆتایی پێهاتووە.