گه‌شتە ئاسمانییەکان له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێدەکەنەوە

30/07/2020
فۆتۆ: 

لەچوارچێوەی رێنماییەكانی دەستەی فرۆكەوانی مەدەنی عێراق، لەگەڵ رەچاوكردنی رێكارەكانی تەندروتسی، رۆژی شەممە كە دەكاتە دووەم رۆژی جەژنی قوربان گەشتە ئاسمانییەكانی هەردو فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی دەستپێدەكاتەوە .

تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند، بەفەرمی لەلایەن دەسەڵاتی فرۆکە وانی عێراق ئاگادار کراونەتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانیەکان ولە رۆژی 1ی ئابی 2020 بەگوێرەی رێنماییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە دەستپێدەكاتەوە.

وتیشی، كۆمەڵێك رێككاری تەندروستی هەیە لە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراقەوە دەرچوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو كەسانەی دێن و دەڕۆن، فرۆكەخانەی سلێمانیش ئامادەكاریی تەواوی كردوە بۆ ئەوەی بتوانێت رێنماییەكان جێبەجێبكات.

پێشتریش لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، رۆژی شەممەی داهاتوو، 1ی ئاب گەشتەكان لە هەردو فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی دەستپێدەكاتەوە .

ئەمە لەکاتێکدایە، لەمانگی ئازاری ئەمساڵەوە بەهۆی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، گەشتە  ئاسمانیەكانی زۆربەی وڵاتانی جیهان راگیران، لەو چوارچێوەیەشدا دەسەڵاتی فرۆكەوانی عێراق بریاریدا گەشتە ناوخۆییەكان  و دەرەكیەكان رابگیرێن..