رێكخراوێك: ئەنجوومەنی دادوەری لەبەرامبەر نزیكەی 10 هەزار پێشێلكاری بێدەنگە

30/07/2020
فۆتۆ: 

رێكخراوێكی ناحكومی ئاشكرایدەكات لە ماوەی 12 ساڵدا نزیكەی 10 هەزار حاڵەتی پێشێلكاری دژی مافەكانی مرۆڤ و سەروەری دادگاكان تۆمار كراوە و ئەنجوومەنی دادوەری هیچ وەڵامێكی نەبووە بۆ راپۆرتەكانیان.

سەنتەری پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ(DHRD)، كە رێكخراوێكی نا حكومیە رایگەیاند: لەماوەی 12 ساڵی رابردودا زیاتر لە نۆ هەزار حاڵەتی پێشێلكاریی یاساییان تۆماركردوە و ساڵانە بە راپۆرت بڵاویان كردونەتەوەو وێنەشیان بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم ناردوە. 

ئەو رێكخراوە لە راگەیەندراوێكدا كە كۆپیەكی بۆ (تۆڕی هەواڵی ژیان) نێردراوە دەڵێت: لە پڕۆژەی "پاڵپشتی دادگا"وە لەمیانی یانزە راپۆرتی ساڵانەدا لەسەر دۆخی سەروەری یاساو سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پێشێلكارییەكان دژی یاساو مافەكانی مرۆڤ و مافی تۆمەتباران، هەزاران حاڵەتی پێشێلكاری یاسایی تۆماركراون و بڵاوكرانەوە.

ئەوەی روونكردووەتەوە لەو راپۆرتانەی رێكخراوەكەیاندا نۆ هەزارو 88 حاڵەتی پێشێلكاری لەسەر هەمو ئاستەكان و بەهەمو جۆرەكانییەوە تۆمار كراوە "بەڵام بەدرێژایی ئەو ماوەیە، ئەنجوومەنی دادوەری بۆ یەكجاریش وەڵامێكی بۆ ئەو راپۆرتانە نەبوو لە كاتێكدا ساڵانە بە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنەكە وێنەی راپۆرتەكەیان بۆ نێردراوە.

ئاماژەی بەوە كردووە بە درێژایی دروستبوونی ئەو ئەنجوومەنە دەیان حاڵەت هەبووە كە راستەوخۆ پەیوەندیان بە ئەنجومەنی دادوەری و سەربەخۆیی دەسەڵاتەكەیەوە هەبووە بەڵام وەك هەمیشە بە بێ دەنگی ماوەتەوە، بۆ ئەوەش چەند نمونەیەكی ئاشكرا كردووە كە بەرپرسانی یەكێتی و پارتی ئەو ئەنجوومەنە و دادگاكانیان تۆمەتبار كردووە بە گەندەڵی. 

لە راگەیەندراوەكەدا رێكخراوەكە ئاماژەی بە درێژكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنەكە كردووە كە بە پێی بەپێی فەرمانێكی ئەنجوومەنەكە خۆیان بووە، هەریەك لە دەستەی دەستپاكی هەرێم و وەزارەتی دارایی و یەكێتی دادوەران و چەندین دادوەر ئەم كارەیان بە نایاسایی و نادەستوری لەقەڵەمداو وەزارەتی دارایی رایگەیاند كە ناچنە ژێر باری هیچ كارێكی نایاسایی، بەڵام ئەنجوومەنی دادوەری بێ وتە و بێ هەڵوێست وبێدەنگ بووە.