تەندروستی ئێران: لە هەر ١٤ تووشبووی کۆرۆنا لە تاران کەسێک گیان لەدەستدەدات

30/07/2020
دۆخی تەندروستی ٢٦ پارێزگای ئێران لە مەترسیدایە
فۆتۆ: فۆتۆ: میدیای ئێران
تاران

وەزارەتی تەندروستی ئێران هۆشداری لە بەرزبوونەوەی رێژەی گیان لەدەستدان بە ڤایروسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی دەدات و دەڵێت، لەئێستادا لە هەر ١٤ تووشبووی کۆرۆنا لە تارانی پایتەخت، کەسێک گیان لەدەستدەدات.

ئاژانسی هەواڵی ئیسنا لەزاری ئیرەج حەریرچی جێگری بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی تەندروستی ئێران بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتای مانگی ٣ی ئەمساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ، بەگشتی لە هەر رۆژێکدا ١٠٢ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

ئاشکراشیکردووە، لەئێستادا ٢٦ پارێزگای ئێران لە دۆخی سوور یاخود لە حاڵەتی هۆشداریدان و ٧٢ ملیۆن لە دانیشتووانی وڵات، لەو پارێزگایانەدا ژیان بەسەردەبەن.

ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی رابردوو ٧١٠ کەس لە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە، بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە خەوێندراون و ژمارەی ئەو تووشبووانەی رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن، بەراورد بە چوار مانگی رابردوو بۆ دوو هێندە بەرزبووەتەوە. وتیشی پێویستە ئاگامان لە گەنج و منداڵەکان بێت.

جێگری بەڕێوەبەری وەزارەتی تەندروستی ئێران راشیگەیاندووە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی تووشبوونیان بە کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی تاران دەخەوێندرێن، بەشێوەیەکی مەترسیدار لەبەرزبوونەوەدایە و لەئێستادا، لە هەر ١٤ تووشبووی کۆرۆنا لە تاران، کەسێکیان گیان لەدەستدەدات، هۆشداریشدا لەوەی کە تارانی پایتەخت ببێتە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بۆ شارەکانی دیکەی ئێران.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە سەرەتای بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٣٠١ هەزار و ٥٣٠ کەس لەو وڵاتە تووشی ڤایرۆسەکە بوون و لەو ژمارەیەش ١٦ هەزار و ٥٦٩ کەس گیانیان لەدەستداوە.