هەولێر.. لەڕۆژانی جەژندا پارکەکان کراوەدەبن
لەڕۆژانی جەژندا پارک و باخچەکانی هەولێر کراوەدەبن
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هەولێر
لەڕۆژانی جەژندا، سەرجەم پارک و باخچە گشتییەکانی سنوری پارێزگای هەولێر، بە ڕێنمایی تەندروستی دەکرێنەوە.
سیامەند کەریم، وتەبێژی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بە تۆڕی هەواڵی ژیان-ی ڕاگەیاند، "لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکان، دەستمانکردووە بە هەڵمەتێکی گەورە بۆ ئامادەکاری و خاوێنکردنەوە و شوشتنی پارک و نافوورەکان، بەمەبەستی کردنەوەیان لە ڕۆژانی جەژنی قوربان و پێشوازیکردن لە هاوڵاتیان ".
ئاماژەی بەوەشکرد، "کردنەوەی دەرگای پارکەکان بە مەرجی تەندروستی دەبێت و پێویستە هاوڵاتیان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و دەمامک و دەستکێش بەکاربهێنن ".
وتەبێژی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر راشیگەیاند، پێویستە ئەوانەی سەردانی باخچە گشتییەکان دەکەن، پێش هەموو شتێک بیر لە تەندروستی خۆیان و خانەوادەکانیان بکەنەوە و دەبێت ڕەچاوی سەرجەم ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستیەکان بکەن.
لەپێناو ڕێگریکردن و بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، پێشتر بە بڕیاری ژووری ئۆپەڕاسیۆنی پارێزگای ھەولێر، سەرجەم باخچە گشتییەکانی سنوری پارێزگاکە ھەولێر داخران، بەڵام بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان بە مەرجی تەندروستی دەکرێنەوە.
|