ئۆپۆزسیۆنی تونس شكستی هێنا لە سەندنەوەی متمانە لەڕاشید غەنوشی

30/07/2020
ڕاشید غەنوشی سەرۆكی پەرلەمانی تونس
فۆتۆ: 

ئۆپۆزسئۆنی تونس شكستی هێنا لەوەرگرتنەوەی متمانە لە ڕاشید غەنوشی سەرۆكی پەرلەمان و دوای بڵاوكردنەوەی ئەنجامی دەنگدانەكەش كە بەنهێنی بەڕێوەچوو، ئاهەنگ لەناو هۆڵی پەرلەمانی وڵاتەكە دەستی پێكرد .

ئەو یاداشتەی كە پێشكەشكرابوون بۆ سەندنەوەی متمانە لە سەرۆكی پەرلەمانی تونس، نەیتوانی دەنگی پێویستی پەرلەمانتاران بەدەست بهێنێت، بەگوێرەی ئەنجامەكە كە ئاشكراكراوە، تەنها 97 پەرلەمانتار دەنگیان بە سەندنەوەی متمانە داوە ، كە پێویستی بەزۆرینەی ڕەها بە 109 دەنگ  بووە بۆ سەندنەوەی متمانە لێی .

بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمانی تونس، یاداشتی سەندنەوەی متمانە لەسەرۆكی پەرلەمان لەكۆی 217كورسی پەرلەمان پێویستی بە دەنگی 109 پەرلەمانتار هەیە .

دەنگدان لە پەرلەمانی تونس لەسەر سەندنەوەی متمانە لە راشید غەنوشی، ڕێوشوێنی ئەمنی توندوتیژی بۆ گیرایە بەر و هێزە ئەمنییەكان دەوروبەری پەرلەمانی ئەو وڵاتەیان كۆنترۆڵكرد و سەرجەم رێگاكانیشان بە ئاراستەی پەرلەمان داخست .

راشید غەنوشی سەرۆكی پێشوی بزوتنەوەی نەهزەی تونس و سەرۆكی ئێستای پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە .

لەساڵی 1941 لەدایك بووە و یەكێك لەسیاسی و مافپەروەر و بیرمەندە ئیسلامییەكان، چەندین جار زیندانیكراوە و دووجار سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە لەلایەن دادگای وڵاتەكەیەوە .

بەو هۆیەشەوە ناچار بووە لە لەندەن بمێنێتەوە، تاسەركەوتنی شۆڕشی تونس و گەڕانەوەی بۆ وڵاتەكەی .

خاوەنی چەندی بڕوانامەی نێودەوڵەتییە لە بواری ئاشتی و پێكەوەژیان و گۆڤاری فۆرین پۆلیسی لەناو 100 بیرمەندی جیهان دەستنیشانی كردووە .