میلیشیا عێراقییەكان هەڕەشە لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن

30/07/2020
بزوتنەوەی نوجەبا بە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانی گوتووە کەسێکی بێزراوە
فۆتۆ: 

ڕۆژنامەی جیروسەلیم پۆستی ئیسرائیل هۆشداری داوە لە مەترسی میلیشیا عێراقییەكان، كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن و ئێستا بوونەتە هەڕەشە لەسەر كارمەندانی نەتەوە یەكگرتووەكان .

لە راپۆرتێكی ڕۆژنامەكەدا ئاماژەی كردووە بە هەرەشەكانی نەسیر شمەری وتەبێژی گروپی "بزوتنەوەی نوجەبا"، كە لەئێستادا ئەو میلیشیا چەكدارانە وەك گروپی مافیایی مامەڵە و هەڵسوكەوت دەكەن .

شمەری لە تویتَكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێكی ئاراستەی جینین هینیس بلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە و داوای لێكردووە دادپەروەر بێت، ئەگەر نا دەبێت كەسێكی بێزراوە لە عێراق و جێگەی خۆشحاڵی نابێت .

ئەو لێدوانانەی شمەری دوای قسەكانی ئەو لێپرسراوە باڵایەی نەتەوە یەكگرتووەكان بوو لەسەر ڕوداوی تیرۆركردنی هیشام هاشمی پسپۆڕو توێژەری سیاسی دیاری عێراق و تیرۆركردنەكەی بە "كارێكی ترسنۆكانە و بێزراو" ناوبردبوو، داواشی لە حكومەت كردبوو تۆمەتباران دەستگیر بكات و ڕادەستی دادگایان بكات .

هاوكات ڕۆژی 27ی ئەم مانگە بلاسخارت نیگەرانی خۆی دەربڕیبوو سەبارەت بەو توندوتیژیانەی كە لە بەرامبەر خۆپیشاندەرانی بەغدا ص چەند شارێكی دیكەی عێراق لەسەر خراپی دۆخی كارەبای نیشتیمانی  ئەنجام درابوون، كە سێ هاوڵاتیان تیا كوژرا .

بۆ ڕۆژی دواتر بزوتنەوەی نوجەبا هەڕەشەی دیكەی كردوو ڕایگەیاند، ئەو لێپرسراوەی نەتەوە یەكگرتووەكان بەیاننامەیەكی لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشكەشكردووە سەبارەت بەو ڕوداوانە .

بەڵام نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەیاننامەیەكدا ڕەتیكردەوە بلاسخارت هیچ راپۆرتێك یان بەیاننامەیەكی پێشكەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی كردبێت دەربارەی ئەو ڕوداوانە، بەڵكو ڕایگەیاندبوو ئەو لەپاڵ ئەو خۆپیشاندەرانەدا دەوەستێتەوە كە بە ئاشتیانە داوای مافە ڕەواكانی خۆیان دەكەن .

لە لایەكی ترەوە راپۆرتەكە ئاماژەی كردووە بە سەرەڕۆیی و سەركەشی گروپ و میلیشیا جیاجیاكان ، بە تایبەت كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق و ، هێرش دەكەن سەر هێزەكانی ئەمریكا و بەشێوەیەكی نیمچە ڕۆژانەش بنكە و بارەكاگانی سوپای ئەمریكا و هاوپەیمانان بە كاتیۆشیا بۆمباران دەكەن .

راپۆرتی ڕۆژنامەكە ئاماژەی كردووە بە ڕفاندنی چالاكوانێكی ئەڵمانی بۆ فشار خستنە سەر مستەفا كازمی لەلایەن ئەو گروپ و میلیشیایانەوە .

لە كۆتایی راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، عێراقییەكان هانایان بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان بردووە بۆ ئەوەی بیانپارێزن، بەڵام زۆربەیان دەزانن بیانیەكان ناتوانین لە هەژموون و ترس و هەڕەشەی میلیشیاكان بیانپارێزن .