تەندروستی هەولێر لەبارەی دۆخی نەخۆشخانەی ڕزگاری روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

30/07/2020
یەكێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هەولێر

سەبارەت بە دۆخی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و نەخۆشخانەی ڕزگاری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، سەبارەت بەدۆخی نەخۆشخانەی ڕزگاری بۆ هەموو لایەک ڕووندەکەینەوە کەوا بە دوو شێواز ئۆکسجین دابیندەکرێت بۆ نەخۆشانی تووشبووی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە نەخۆشخانەکان و بەنەخۆشخانەی ڕزگاریشەوە، یەکەمیان لە ڕێگای ئۆکسجینی مەرکەزی نەخۆشخانە و ڕێگای دووەم بە شێوازی بوتڵ ( قنینە).

ئاماژە بەوەشکراوە،  ڕاستە بۆماوەیەکی کاتی ئۆکسیجینی شل دواکەوتووە لەگەیشتنی بەڵام لەهەمانکاتدا لە ڕێگای دووەم کە ئۆکسجینی بوتڵە، بۆ تەواوی ئەوانەی پێویستیان بە ئۆکسجین بووە دابینکراوە لەناو نەخۆشخانەکە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، تیمەکانی نەخۆشخانەی ڕزگاری خەریکی چارەسەرکردنی دواکەوتنی ئۆکسجینی شل بوون و توانیویانە بەماوەیەکی کاتی کەم کێشەکە چارەسەربکەن.

هەر لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، بەهۆی بەهەڵەنیشاندانی بابەتەکە لەلایەن هەندێك لە میدیاکانەوە خانەوادەی ئەم تووشبوانە کەوتوونەتە ترس و دڵەڕاوکێ و هەوڵیانداوە ئۆکسجین دابینبکەن بۆ تووشبوان.

بژار موسا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر ڕەتیشیدەکاتەوە، هیچ نەخۆشێک بەهۆی نەبوونی ئۆکسجین گیانی سپاردبێت.

دەشڵێت، بۆ زانیاری هەموولایەك نەخۆشخانەی ڕزگاری زۆربەی ئەو حاڵەتانەی لێخەوێندراوە کەوا باری تەندروستیان باش نییە و دۆخی تەندروستیان جێگیر نییە و بەردەوام پێویستیان بە چارەسەری وردی پزیشکی یە، بەداخەوە دەبین ڕۆژانە ڕێژەیەک بەهۆی قورسی باری نەخۆشیەکەیان گیان دەسپێرن کە ئێمە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بۆ خانەوادەی خوالێخۆشبوان دەنێرین و هیوای چاکبوونەوە بۆ تووشبوان دەخوازین .

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر سوپاسی ماندووبوونی تەواوی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەکات کە پارێزگاری لە تەندروستی هاوڵاتیان دەکەن، دەشڵێت، لە هەوڵەکان بەردەوام دەبین لەپێناو پاراستن و سەلامەتی هاوڵاتیان .

داواشی لەهاوڵاتیان کرد، بە هۆشیاریەکی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە مەترسیدارە بکەن، وتیشی مەترسی ئەم ڤایرۆسە جدیە، بە پەیڕەوکردنی ڕێنماییە خۆپارێزیەکان خۆتان و خانەوادەکەتان و سەرجەم هاوڵاتیان دەپارێزن، و دەبنە هاوکار و پاڵپشتی تیمە تەندروستیەکان و دەزگا و پێداویستیە پزیشکیەکان .

ئەم روونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ی٧ی٢٠٢٠، لە بەشێک لە میدیاکان وابڵاوکرایەوە کە كێشه‌ی كه‌می ئۆكسجین لە نەخۆشخانەی رزگاری شاری هەولێر دروستبووه‌ و بەوهۆیەوە ژیانى ژمارەیەکى زۆر لە توشبووان کەوتووەتە مه‌ترسییه‌وه و نزیکەى 20 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.