یوفا داوایەكی ناپۆلی بۆ یاریەكەی بەرامبەر بەرشەلۆنە رەتدەكاتەوە

31/07/2020
فۆتۆ: 

یەكێتیی تۆپی پێی ئەوروپا لەبارەی داوایەكی ناپۆلی بۆ گواستنەوەی یاری نێوان بەرشەلۆنە و یانە ئیتاڵیەكە رەتدەكاتەوە.

یانەی ناپۆلیی ئیتاڵی بەهۆی مەترسی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا لە بەرشەلۆنە داوایەكی ئاراستەی یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا كردبوو بۆ گواستنەوەی یاریەكەیان لە بەرشەلۆنەوە بۆ وڵاتی پرتوگال. 

یەكێتیەكە رایگەیاند "یارییەكە بەوپێیەی پلانی بۆ دانراوە لە كات و شوێنی دیاریكراو بەڕێوەدەچێت و هیچ گۆڕانێك بەسەر كات و شوێنەكەیدا نەهاتووە". 

یوفا راشیگەیاند "بە بەردەوامی لە پەیوەندیداین لەگەڵ دەستەڵاتدارانی شاری بەرشەلۆنە بۆ گرتنەبەری هەموو رێوشوێنە پێویستەكان، بۆ ئەوەی یارییەكە بە سەركەوتوویی و بێ هیچ مەترسییەك ئەنجام بدرێت".

بڕیارە رۆژی 8ئاب2020 یاری گەڕانەوەی قۆناغی 16ـی چامپیۆنزلیگ لەنێوان بەرشەلۆنە و ناپۆلی لەسەر یاریگەی كامپ نو بەڕێوەبچێت، یاری چوون لەسەر یاریگەی سان پاولۆ لە ناپۆلی هەردوو یانە بە گۆڵێك یەكسان بوون.