ئەمڕۆ 37 ساڵ بەسەر ئەنفالی بارزانییەكان تێدەپەڕێت

31/07/2020
فۆتۆ: 

رۆژی 31ی 7ی 1983 بە ناوی بردنیان بۆ كۆبوونەوەیەك بۆ شاری كەركوك، هەشت هەزار بارزانی بەرەو كۆمەڵگەی زۆرەملێی قوشتەپە لە پارێزگای هەولێر ڕاگوێزران، دواتریش لەوێوە ڕاپێچی زیندانەكانی تۆپزاوە و نوگرەسەلمان كران.

هەر ئەو ڕۆیشتنە بوو ئیتر جارێكی تر ئەو بارزانیانەی دەستگیركرابوون، چاویان بە دنیای ڕۆشن نەكەوتەوە و لە بیابانی عەرعەر لە نزیك زیندانی نوگرەسەلمان زیندە بە چاڵكران.

لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسێن كە تاوانباری ئەم تاوانە بوو، دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراق، دانی بەوەدانا كە كۆمەڵكوژی بارزانییەكان تاوانی جینۆساید بووە.

تائێستاش بە دوو قۆناغ ڕوفاتی بەشێك لە بارزانییەكان هێنراوەتەوە كوردستان، لە ساڵی 2005 ڕووفاتی 503 كەس و لە ساڵی 2014ش ڕووفاتی 93 كەس هێنرانەوە و لە ناوچەی بارزان بەخاكسپێردرانەوە.