كادرە دەستگیركراوەكەی یەكێتی لە سۆران ئازادكرا

31/07/2020
فۆتۆ: 

لێپرسراوی سەنتەری سۆرانی رێكخراوی ئازادیی لاوان، رایگەیاند، دوای بڵاوكردنەوەی هەواڵی دەستگیركردنی كادرێكی یەكێتی لەلایەن ئاسایشی پارتی لە حاجی ئۆمەران، كادرەكەی یەكێتی ئازاد كرا.

خلیل گەزنەی، لە سوپاسنامەیەكدا بۆ (تۆڕی هەواڵی ژیان) رایگەیاند: دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی دەستگیركردنی رێژیار جەلال قادر كادری چالاكی ڕێكخراوەكەمان لە (تۆڕی هەواڵی ژیان) بڵاوكرایەوە  بە چەند كاتژمێرێك بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە ناوبراو  ئێوارەی دوێنێ ئازاد كرا. 

لێپرسراوی ئەو سەنتەرە ئەوەشی وتووە: لێرەوە بەناوی رێكخراوەكەمان خانەوادەی ناوبراو سوپاس و پێزانینی خۆمان پێشكەش بە (تۆڕی هەواڵی ژیان) دەكەین.

بە گوێرەی زانیاریەكان لە لێكۆڵینەوەكاندا  بەو كادرەی یەكێتیان وتووە "ئەگەر كەسێكت بكوشتایە باشتر بوو نەوەك ئەو كۆمێنەتەت نوسیبوایە كە تێیدا جنێوت بە مەسعود بارزانی داوە".

پێشتر ژیان ئاشكرایكردبوو ئاسایشی پارتی لە حاجی ئۆمەران (ڕێژیار جەلال قادر) كە كادیرو ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای بۆردی گەنجانی یەكێتییە دەستگیركردووە. 

 لە هەواڵەكەدا بە پشتبەستن بە وتەی لیپرسراوی سەنتەری ئازادی لاوان ئاشكرا كرابوو كە "ساڵیك لەمەوبەر ڕیژیار لە تۆڕی كۆمەڵایەتی كۆمێنتێكی نووسیووە و دواتر كەوتۆتە دەمەقاڵێ لەگەڵ چەند بەرپرس و لایەنگرێكی پارتی بەو هۆیەوە لەناو حاجی ئۆمەران لە لایەن ئاسایشەوە دەستبەسەركراوە و دواتر بۆ ئاسایشی سۆران گوازراوەتەوە".