دەست بەسەر ژمارەیەك ئاژەڵی سەربڕدراودا گیرا

31/07/2020
فۆتۆ: 

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەستی بەسەر ژمارەیەك ئاژەڵی سەربڕدراودا گرت و سەرۆكی لیژنەكانیش هۆشیاری توند بەوكەسانە دەدات لە شەقام و گەڕەكەكان ئاژەڵ سەردەبڕن.

لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، دەستیان بەسەر ژمارەیەك ئاژەڵی سەربڕدراودا گرتووە، كە گۆشتەكەی شیاوی خواردن و بەكارهێنان نییە‌. 

ناوبراو وتیشی: ئەو كوشتارگایانەی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی‌ سەرپەرشتییان دەكات، پێش سەربڕین و پاش سەربڕین، پشكنین بۆ ئاژەڵەكه دەكەن‌ تابزانرێت بۆ ئاژەڵەكە بۆ سەربڕین شیاوە، دواتر بۆ دڵنیابونەوە لە تەندروستی گۆشتەكە بۆ خواردن پشكنینی بۆ دەكرێتەوە پاشان مۆر دەكرێت.

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان روونیشیكردەوە،  بەمەبەستی جێبەجێكردنی بڕیار و رێنماییەكانی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی خۆپارێزی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی، لیژنەكانی قائیمقامیەت بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی،‌ رۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز لەئەركدا دەبن بۆ بەدواداچونی سەربڕینی ئاژەڵ لە شەقام و كۆڵان و گەڕەكەكان.

ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی ئاژەڵە سەبڕدراوەكان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی دەكرێت بۆ لەناوبردن و خاوەنانیشیان رووبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە.