دوولەسەر سێ منداڵانی جیهان ڕێژەیەکی مەترسیداری قورقوشم لە خوێنیاندایە

31/07/2020
هەممو جۆرەکانی باتری سەرچاوەیەکی سەرەکی مادەی قورقوشمە
فۆتۆ: 

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، نزیکەی دوو لەسەر سێی منداڵانی جیهان ئاستێکی بەرز لە مادەی قورقوشم لەخوێنیاندایە و تووشی پیسبوون بوون بە قورقوشم، ئەوەش کاریگەریی دەبێت لەسەر ژیرییان و چاکبوونەوەیان ئەستەم دەبێت.

توێژینەوەکە لەلایەن ڕێکخراوی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسیف"  و گروپی "بیور ئیرت"ی ژینگەیی ئەنجامدراوە و ئاماژە بەوە دەکات، نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن منداڵ ڕێژەی پێنج مایکرۆگرام لە قورقشم لە هەر ١٠ لیتر خوێنی لەشیاندایە.

ئەو ئاستەش بەڕێژەیەکی بەرز دادەنرێت کە بەسە بۆ ئەوەی زیان بە گەشەی مێشک و دەزگای ژیری و بەشە زیندووەکانی دیکەی وەک دڵ و سییەکان بگەیەنێت.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و سەنتەری ئەمریکا بۆ قەلاچۆکردنی نەخۆشیەکان و خۆپارێزی ڕایدەگەیەنن، هۆکاری بوونی ڕێژەیەکی بەرز لە مادەی قورقوشم لە لاشەی منداڵاندا، کە جیی خۆیەتی ئاوڕێکی پێویستی لێ بدرێتەوە، پەیوەندیی هەیە بە لەناوبردنی خراپی بەرهەمی باتری و کارگەکانی توانەوە لە کەشوهەوای ئازادا، کە لەئێستادا بوونەتە سەرچاوەی سەرەکی پیسبوون لە جیهاندا.

لەو ڕاپۆرتەدا کە دوێنێ بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات، هیچ گومانی تێدا نییە قورقوشم بووەتە هۆی ژەهراویکردنی منداڵان لەسەرانسەری جیهاندا بەڕێژەیەکی بەرز، بەشێوەیەک کەلەوەبەر دەرکی پێ نەکراوە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکار زۆرن بۆ زیادبوونی ڕێژەی قورقوشم لەناو خوێنی منداڵاندان لە دیارترینیان، لەناوبردنی خراپی باترییە هەمەجۆرەکان، بە تایبەت ئەوانەی کە ترشی نتریکیان تێدایە، هەروەها ڕووپۆشی ماڵەکان بەو کەرەستانەی کە مادەی قورقوشمیان تیا بەرزە، کۆگاکانی پاشماوە ئەلکترۆنییەکانی ڕووپۆشکراو بە قورقوشم و خۆراکە پیسەکان، هەروەها بوونی قاپی ڕەنگاوڕەنگ و ڕووپۆشکراو بە قورقوشم.

لە کۆتاییدا ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئەو ماوەیە درێژە بکێشێت بۆ ئاشکراکردنی ژەهراویبوون بە قورقوشم  لە خوێندا، نەخۆشییەکە بێ چارەسەرکردن دەمێنێتەوە و مەترسی لەسەر ژیانی کەسەکان دروست دەکات.