ئەندامێكی داواكاری گشتی لە لیژنەی لێكۆڵینەوە لە نەمانی ئۆكسجین لە هەولێر پێچەوانەی یاسا دانراوە

01/08/2020
فۆتۆ: 

بەپێچەوانەی یاساوە، ئەندامێكی داواكاری گشتی لەناو ئەو لیژیەدا دانراوە كە بەبڕیاری سەرۆكی حكومەت بۆ لێكۆلێنەوە لە رووداوی نەمانی ئۆكسجین لە نەخۆشخانەی ڕزگاری پێكهێنراوە

حاكم شێخ لەتیف مستەفا، چەند سەرنجێكی یاسایی لەسەر دەرچوونی فەرمانێك لەلایەن پارێزگاری هەولێر بۆ بەدواداچونی نەمانی ئۆكسجین لە نەخۆشخانەی ڕزگاری لەشاری هەولێر ئاشكرا دەكات و دەڵێت "پێویستە وەزارەتی تەندروستی لیژنەی لێكۆڵینەوە پێك بهێنن چونكە نەخۆشخانە لەڕووی كارگێڕیەوە سەر بەو وەزارەتەیە و لەو فەرمانە وێنەیەك دەنێردرێ بۆ سەرۆكایەتی داواكاری گشتی بەمەبەستی دیاریكردنی ئەندامێكی داواكاری گشتی بۆ سەرپەرشتیكردنی كاری لێكۆڵینەوە نەك خۆی ئەندام بێت" ئەوەشی روونكردووەتەوە كاری لیژنەكە لەدەرئەنجامدا دەنێردرێتەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی دواتر هەر سەرپێچیەك هەبێ دەسەڵاتی سزادانی كارگێڕی هەیە. 

ئەو حاكمە روونیشیكردووەتەوە، ئەگەر دەركەوت بۆ داواكاری گشتی كە مافی گشتی پێشێلكراوە داوای جوڵاندنی سكاڵا دەكات و تۆمەتبار لەكەیسەكە ڕوبەڕووی دادگای لێكۆڵینەوە دەكرێتەوە. 

ئەو ئاماژەی بەوەشكردووە كە جیاوازی هەیە لەنێوان پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوەی كارگێڕی لەگەڵ پێكهێنانی لیژنە بۆ دەركەوتنی ڕاستیەكان و دەشڵێت "ئەگەر مەبەست لەوفەرمانە پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوەی كارگێڕییە ئەوا دەبێت بگەڕێینەوە سەر یاسای بەرزەفتكرنی فەرمانبەرانی دەوڵەت كە لەمادەی 10باسی پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە دەكات. لەم فەرمانە تێكەڵیەك هەیە".

لەتیف شێخ مستەفا ئاماژەی بەوەشكردووە كە  لەڕووی ژمارەی ئەندامانی لیژنە دەبێت ژمارەكان سێ ئەندام بن لەو سیانە یەكێكیان دەبێت یاسایی بێت و ئەندامی داواكاری گشتیش سەرپەرشتیكار بێت كەچی لەم نوسراوە پێنج كەس دیاریكراوە لەناویاندا داواكاری گشتی هەیە كە پارێزگار خۆی دیاری كردووە وەكو ئەندام! ناكرێت پارێزگار دەسەڵاتی دانانی نوێنەری داواكاری گشتی هەبێت.