باڵەخانەیەك لە هەولێر ڕووخا زیانی بە دەوروبەرەكەی گەیاند

01/08/2020
فۆتۆ: 

بەهۆی رووخانی دیواری باڵەخانەیەك لە شاری هەولێر زیان بەر نوسینگەیەكی كڕین و فرۆشتنی خواردنەوە گەرمەكان دەكەوێت و خاوەنی نوسینگەكەش دەڵێت باڵەخانەكە چەند جارێكی دیكەش زیانی لە دەروبەرەكەی داوە.

بەڕێوبەری ئەو نوسینگەیەی زیانی بەركەوتووە لە دوای رووداوەكە بە (تۆڕی ھەواڵی ژیان)ی راگەیاند "ھۆكاری ڕووداوەكە باڵەخانەكەی تەنیشتمان بووە كە ماوەی پێنج ساڵە دروستكراوە و تەواو نەكراوە، بلۆكی دیوارەكانیش تەنها لەسەر یەك داندراون و لە دەرەوە ڕووپۆشنەكراوە".

خاوەنی ئەو نوسینگەیە وتیشی "ئەمە چوارەمین جارە لەماوەی پێنج ساڵدا، دیواری باڵەخانە تەواونەكراوەكە زیان بە خانوو و ئۆتۆمبێل و نووسینگەكانی دەورووبەری بگەیەنێت".

رووداوەكە لە ناحیەی عەنكاوە بووە زیانی گیانی لێنەكەوتووەتەوە بەهۆی ئەوەی كارمەندانی ئەو نوسینگەیە كە كاری كڕین و فرۆشتنی خواردنەوە گەرمەكان دەكەن لە شوێنی كاركردنیان نەبوون تەنها بەڕێوەبەری نوسینگەكە لە شوێنەكە بووە.