مەڵبەندى دووى یەکێتى: عەرەبە هاوردەکان بە هێزێکی زۆرەوە هاتوونەتەوە بۆ سنورەکە
مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکوکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە بانگەوازێکدا رایگەیاندووە، عەرەبە هاوردەکان بە هێزێکی زۆرەوە هاتوونەتەوە بۆ سنورەکە.
بانگەوازەکەى یەکێتى کە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کراوە تیایدا هاتووە، ڕێگانادەن دەست بۆ زەوی و زاری کورد و هیچ پێکهاتەیەکی دیکە ببرێت.
دەقی بانگەوازنامەکە :
بانگەوازێک بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان .
بە داخەوە لە کاتێکدا هاونیشتمانییانی کەرکوک و داقوق و دووزخورماتوو سەرقاڵی بەڕێکردنی بۆنەکانی چەژنی قوربانن، لەم کاتەدا و بەدەر لە رێوشوێنە دەستوری و یاساییەکان بەشێک لە "عەرەبە هاوردەکان" کە لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە کەرکوک و دەوربەریان بەجێهێشتوە و پێشتر لە چوارچێوەی سیاسەتی بەعەرەب کردن هێنرابونە کەرکوک ناوچەکانی دەوروبەری، ئەمڕۆ جارێکی تر و بە مەبەستی بە عەرەب کردنەوەی ناوچەکانی (حەڤتەغار و مەهاوش و کولیتەپەی سەر بە شارۆچکەی داقوق) بەهێزێکی زۆرە هاتوونەتەوە سنورەکەو دەیانەوێ دووبارە لە سەر زەوی و زاری کوردی رەسەنی دانیشتووی ئەو ناوچانە نیشتجێ بکرێنەوە !
لەم رووەوە داوا لە سەرۆک کۆمار و سەرەک وەزیڕان و وەزیری ناوخۆی عیراقی فیدڕاڵ و، نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرجەم رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەکەین کە بە پەلە رێگە لەم دەستدرێژی و داگیرکارییە بگرن و رێگە نەدەن ئاشتی کۆمەڵایەتیی بشێوێنرێ و پەیوەندی لە مێژینەی نێوان پێکهاتە رەسەنەکانی کەرکوک تێکبدرێ. ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرلەبەری ئەم هەڵسوکەوتە داگیرکارییە رەتدەکەینەوە و بە سەرەتایەکی مەترسیداریشی دەزانین بۆ لێکترازانی نێوان پێکهاتەکان بە تایبەتیش نێوان کورد و عەرەب، لەو رووەوە داوا لە هێزە ئەمنییەکانیش دەکەین بە پەلە رێوشوێنە دەستورییەکان بگرنەبەر و رێگە لەم داگیرکارییە بگرن و لایەنگیری نەکەن !
لەم سۆنگەیەوە هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین دەست بۆ زەوی و زاری کورد و هەر پێکهاتەیەکی تریش ببرێ و لەو پێناوەدا هەموو رێو شوێنێک دەگرینەبەر و ئامادەی هەموو شێوازێکی خەباتی مەدەنی و سیاسین، هەر ئەمڕۆش لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوک و پەرلەمانتارەکان لە سەرخەت بوونە بۆ ئەو مەبەستە و پەیوەنییان بە بەڕێز سەرۆک کۆمار و وەزیری ناوخۆ و داد و فەرماندەی ئۆپەراسیۆن و پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت و لایەنەکانی ترەوە کردووە و لە بەرامبەردا ئەوانیش بەڵێنیان داوە بە دەستور و یاسا چارەسەری ئەم کێشەیە بکەن و هەر رێوشوێنێک پێویست بوو بگرینەبەر بە مەبەستی کۆتایی هێێنان بەم کێشەیە .
مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
2-8-2020
|