سوریا ئیدانەی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و کۆمپانیایەکی نەوتیی ئەمریکا دەکات

02/08/2020
سوریا ئیدانەی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و کۆمپانیایەکی نەوتیی ئەمریکا دەکات
فۆتۆ: ئەرشیڤ
رۆژئاوا

وەزارەتی دەرەوەی سوریا ئیدانەی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و کۆمپانیایەکی نەوتیی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، رێککەوتنەکە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و قبوڵکراو نییە.

ماڵپەڕی هەواڵی سانای سەر بە حکومەتی سوریا لەزاری سەرچاوەیەکی فەرمی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بڵاویکردووەتەوە، دیمەشق بەتوندی ئیدانەی ئەو رێککەوتنە دەکات کە لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و کۆمپانیایەکی نەوتی ئەمریکا ئیمزاکراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو رێککەوتنە بە دزییەکی گەورە لەقەڵەمدەدرێت و پێشێلکاری سەروەری خاکی سوریایە.

ئەوەشی خستووەتەروو، ئەو کارە بەردەوامی هەوڵەکانی ئەمریکایە بۆ دزینی ژێرخانی ئابوری سوریا و بۆ رێگەگرتن لەبنیاتنانەوەی ئەو وڵاتە ئەنجامدەدرێت.


ئەو سەرچاویەی وەزارەتی دەرەوەی سوریا جەختی لەوەشکردووەتەوە کە ئەو رێكکەوتنە هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستوریی نییە و بەهەموو شێوەیەک لەلایەن دیمەشقەوە رەتدەکرێتەوە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای 
"دەلتا کرێسینت ئینێرجی"ـی ئەمریکی بواری نەوت واژۆکرد و هەنگاوەکەش بە ئاگاداری و هاندانی واشنتن بووە. 

 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە کۆمپانیا ئەمریکییەکە توانای بەرهەمهێنانی لە کێڵگە نەوتییەکانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا زیاددەکات و نەوتەکەش دەفرۆشێت. 

یەکێک لە گرنگییەکانی ئەو ڕێکەوتنە بۆ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەوەیە ، کە بەئاگاداری ئیدارەی ترەمپ بووە ئەوەش بەبۆچوونی شیکەرەوان مانای داننانی واشنتنە بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر  و ماناوەی ئەمریکا لە ناوچەکە