"لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکەین بوونەتە هۆی جینۆسایدی ئێزدییەکان"

02/08/2020
بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ

بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، ئەوان جەختدەکەنەوە لە لێپرسینەوە و سزادانی هەموو ئەو کەسانەی بوونە هۆی ڕوودانی جینۆسایدی ئێزدییەکان و داگیرکردنی ناوچە ئێزدییەکان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە.

سەرۆک کۆماری عێراق لە وتارێکدا لە کۆنفرانسی یادی شەش ساڵەی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان رایگەیاند، لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەدا دەکرێت کەمتەرخەم بوون و بونەتە هۆی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی ئێزیدی لەلایەن چەکدارانی داعش، هەروەها بۆ ئەوەی ئەو روداوە دوبارە نەبێتەوە پێویستە بەرامبەر هۆکار و فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی توندڕەوی نەرمی پیشان نەدرێت.
 
ئاماژەی بەوەشکرد،  لە ئێستادا بە پێویستی دەزانن هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو ئێزیدیانە چڕبکرێتەوە کە لەکاتی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بێ سەروشوێن کراون، کە بەگوێرەی ئامارەکان لە کۆی شەش هەزار کەس، تائێستا چارەنوسی دو هەزار و 500 ئێزدی دەستی داعش نادیارە.

سەرۆک کۆماری عێراق جەختیکردەوە ئەوان داوایان لە پەرلەمانی عێراق کردوە لە رێگەی یاسایەک کە رەشنوسەکەی سەرۆکایەتی کۆمار ئامادەی کردوە بۆ رزگاربوانی دەستی داعش پەسەندبکرێت، بۆ ئەوەی ماف و شایستەکانیان دابین بکرێت.

سەبارەت بە گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەرهەم ساڵح وتی،  لە ئێستادا نزیکەی 80 گۆڕی بە کۆمەڵی ئێزیدییەکان هەیە کە هەڵنەدراونەتەوە و وەک بەڵگەی تاوانەکانی داعش شیکاریان بۆ نەکراوە، لە ئێستاشدا و بەهاوکاری تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان، هەوڵەکان بۆ بە دۆکیومێنتکردن بەڵگە و تاوانەکانی داعش بەردەوامن.