تورکیا: بەتوندی ئیدانەی ڕێکەوتنی هەسەدە و ئەمریکا دەکەین بۆ وەبەرهێنان لە نەوتی سوریادا

03/08/2020
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا
فۆتۆ: 

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئیدانەی ڕێکەوتنی نێوان هەسەدە و کۆمپانیایەکی ئەمریکی کرد بۆ وەبەرهێنان لە نەوتی سوریادا

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە،  میدیاکان بڵاویانکردۆتەوە کە ھێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرکردایەتی یەپەگە و پەکەکە ڕێکەوتنێکیان لەگەڵ کۆمپانیای "دەلتا کرێسینت ئینێرجی"ی ئەمریکیدا واژۆکردووە بۆ دەرھێنان و پاڵاوتن و فرۆشتن لە نەوتی سوریادا.

ڕاشیگەیاندووە،  کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل کە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە تیرۆرست ناویبردووە، بەو ھەنگاوە پیلانە جوداخوازییەکانیان ڕوونتربۆوە کە دەیانەوێت لەڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی سامانی سروشتی خەڵکی سوریا جێبەجێی بکەن.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیاندراوەکەدا بە توندی نیگەرانی وڵاتەکەی نیشانداوە لە پشتگیریکردنی ئەو ڕێکەوتنە لەلایەن ئەمریکاوە و دەڵێ، پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و سەروەری دەوڵەتی سوریا و خاکەکەیەتی.

 دەشڵێ، ھەروەھا ئەو پاڵپشتیەی ئەمریکا وەک ھاوکاریکردنی تیرۆر سەیردەکرێت کە ناتوانرێت ھەرگیز ھیچ بیانوویەکی یاسایی بۆ بھێنرێتەوە.

دوێنێش وەزارەتی دەرەوەی سوریا ئیدانەی رێککەوتنی نێوان ھەسەدە و کۆمپانیایە ئەمریکییەکەی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، ھیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و قبوڵکراو نییە.

ھەفتەی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای "دەلتا کرێسینت ئینێرجی"ـی ئەمریکی بواری نەوت واژۆکرد و ھەنگاوەکەش بە ئاگاداری و ھاندانی واشنتن بووە. 

 بەگوێرەی رێککەوتنەکە کۆمپانیا ئەمریکییەکە توانای بەرھەمھێنانی لە کێڵگە نەوتییەکانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا زیاددەکات و نەوتەکەش دەفرۆشێت. 

یەکێک لە گرنگییەکانی ئەو ڕێکەوتنە بۆ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەوەیە ، کە بەئاگاداری ئیدارەی ترەمپ بووە ئەوەش بەبۆچوونی شیکەرەوان مانای داننانی واشنتنە بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر  و ماناوەی ئەمریکا لە ناوچەکە