ئەمریکا پرۆژەیەکی بۆ ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکە خستووەتەڕوو

03/08/2020
فۆتۆ: 

کەناڵی جەزیرە پشتڕاستیکردۆتەوە کە شاندێکی ئەمریکی سەردانی قەندیلی کردووە و دەڵێ، ئەمریکا پرۆژەیەکی بۆ ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکە خستووەتەڕوو هاوشێوەی پڕۆژەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە کەناڵە قەتەرییەکەی ڕاگەیاندووە، شاندێکی ئەمریکی ئێوارەی ڕۆژی شەممە بە چاودێری 15 فڕۆکە چوونەتە بارەگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە چیای قەندیل و چاویان بە ژمارەیەک سەرکردەی پەکەکە کەوتووە.

سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکە بەپێی سەرچاوەکە، شاندە ئەمریکییەکە داوایان لە سەرکردەکانی پەکەکە کردووە  پەیوەندییان لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا بپچڕێن تاوەکو  بیانوو نەدرێتە دەست تورکیا بۆ دەستوەردانی زیاتر.

هەروەها سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، شاندە ئەمریکییەکە پڕۆژەیەکی ئاشتیان خستووەتە بەردەم پەکەکە کە هاوشێوەی پڕۆژەی ئاشتییە لەگەڵ ڕێکخراوی تاڵیبان لە ئەفغانستان.

ئەوەش دوای ئەوە هات دوێنێ بەشێوەیەکی نافەرمی لە میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە شاندێکی ئەمریکی بە ئۆتۆمبێل و لە ڕێگای رانیە - قەڵادزێوە چونەتە قەندیل و لە ئاسمانیشەوە فڕۆکەکانی ئەمریکا چاودێری دۆخی ئەمنی ناوچەکەیان کردووە .

سەردانی شانی ئەمریکا بۆ قەندیل دوای ئەوە دێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمپانیایەکی نەوتی ئەمریکی بەڕەزامەندی کۆشکی سپی گرێبەستی پەرەپێدانی بەکێڵگە نەوتیەکانی رۆژئاوای کوردستانیان لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر واژۆکرد، ئەو گرێبەستەش بە دانپیانانی ئەمریکا بە قەوارەی کوردی لەو بەشە لێکدەدرێتەوە کە نزیکە لە پەکەکەوە.


لە ١٥ی حوزەیرانەوە، سوپای تورکیا هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە بەهۆیەوە زیانێکی زۆر گیانی و ماددی بە هاوڵاتیانی ناوچەکە گەیشتووە.

هێرش و لەشکرکێشییەکانی تورکیا نیگەرانی حکومەتی عێراقی لێکەوتووەتەوە و چەند جارێک وەزارەتی دەرەوە کونسوڵی ئەو وڵاتەی لە بەغدا بانگهێشتکردووە و ناڕەزایی حکومەتی عێراقی پێڕاگەیاندووە بەڵام تورکیا بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی و لەسەر بۆردومانەکانی بەردەوامە.