کامێرای 12K چییە و چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت

04/08/2020
فۆتۆ: 

مانگی تەموزی ئەمساڵ کۆمپانیای Blackmagic ئاشکرای کرد، کە کامێرایەکی (Blackmagic URSA Mini Pro) ی بە توانای وێنەگرتنی ( 12k) بەرهەم هێناوە، کە توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆی بە (60fps) ی هەیە لە چرکەیەکدا، ئەم کامێرایە ڤیدیۆ بە کوالێتی 12،288 × 6،480 تۆماردەکات، لەهەمان کاتدا دەتوانی ڤیدیۆی 8k-4kی پێ تۆمار بکەیت.


ئەم کامێرایە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی دیکەی ناوازایە، کە هەرکەس خوازیاری ئەوەبوو بیزانێت دەتوانێت لە گۆگڵ بەدوایدا بگەڕێت، بۆیە من لێرەدا نایخەمە ڕوو چونکە ئامانجی نووسینەکەی من بابەتێکی دیکەیە.
ئەوەی من دەمەوێت لەسەر ئەم کامێرایە و پێشکەوتنی توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆ ئاماژەی پێبکەم جیاوازی نێوان توانای کامێرا و شاشە و پەخش و مۆنتاژ و کارتی هەڵگرتنی ڤیدیۆیە.

توانای پەخش و شاشە

هەموو ئەو کەناڵانەی ئێستا ئێمە سەیری دەکەین، بە FULL HD بەخش دەکەن، واتا بە توانای 1K، ئەو کامێرانەش کە زۆر بڵاوبوونەتەوە لەناو بازاڕ و ناو موبایلەکاندا توانای تۆمارکردنی ڤیدیۆیان بە 4K هەیە، بەڵام توانای تۆمارکردنی 12K، هەنگاوێکی زۆر گەورەیە و بەخێراییەکی گەورە کەوتووەتە پێش داهێنانەکانی کۆمپیوتەر و ئەنتەرنێت و بەخش و شاشەوە.

ڤیدیۆیەکی 12K، پێویستی بە شاشەیەک هەیە کە توانای نیشاندانەوەی ڤیدیۆکەی هەبێت، ئەوەش هەتا ئێستا دروست نەبووە، کەمترین تەلەفزیۆن هەیە، کە توانای پیشاندانی ڤیدیۆی 4K هەبێت، کۆمپانیای سۆنی لەم مانگەدا ڕایگەیاند، کە توانیویانە شاشەیەک دروستبکەن، کە توانای پیشاندانی ڤیدیۆی 8K هەبێت، بەڵام هێشتا شاشەیەک بە دیقەی 12K وەک خەون ماوەتەوە.

قورسایی لەسەر ئەنتەرنێت

بارکردن و ناردنی ڤیدیۆی 4K بەم ئەنتەرنێتەی ئێستا لە جیهاندا بەکاردێت کارێکی زەحمەتە، بێگومان ناردن و بارکردنی ڤیدۆی 12K، لە توانای ئەم تۆڕی ئەنتەرنێتانەدا نییە کە بە 4G ناسراوە، بۆیە پێویستە چاوەڕوانی جیلی نوێی ئەنتەرنێت بکرێت، کە ئەنتەرنێتی 5G یە، کە هێشتا لەژێر تاقیکردنەوەدایە و بەکار نەهاتووە.

کۆمپیوتەر و مۆنتاژ

هەموو بەرهەمێکی تەلەفزیۆنی و سینەمایی پێویستی بە مۆنتاژ کردن هەیە، بێگومان بەرنامەکانی مۆنتاژیش پێویستیان بە کۆمپیوتەر هەیە، لەئێستادا کە باشترین کۆمپیوتەرەکان لە کەناڵەکان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێناندا بەکاردێن، توانای مۆنتاژکردنی ڤیدیۆی 4Kیان نییە بەشێوەیەکی خێرا، بۆیە مۆنتاژکردنی ڤیدیۆیەکی 12K بەم کۆمپیوتەر و بەم بەرنامانەی ئێستا کارێکی زەحمەتەوە و بۆ ئەوەش دەبێت چاوەڕوانی جیلی نوێی کۆمپیوتەر بکرێت.

هارد

هەموو هەو موبایلانەی کە توانی تۆمارکردنی ڤیدیۆیان بە کوالێتی 4K هەیە، هاردەکەی بەرزکراوەتەوە بۆ سەر و ١٠٠ گێگابایت، کامێکاراکانیش توانای خوێندنەوەی میمۆریی ٦٤ گێگابایت بەرەو سەریان هەیە، بەڵام بۆ هەڵگرتنی ڤیدیۆی 12K پێویستە ماڵئاوایی لە میمۆری بکرێت و هاردی ٥٠٠ گێگابایتی بەرەوسەر لە کامێکراکاندا جێگیر بکرێت.

واتا بەگشتی دەتوانین بڵێین، پێشکەوتنی کامێرا و بەرزبوونەوەی کوالێتی وێنەگرتن شۆڕشێکی نوێ لە دونیای تەکنەلۆژیادا دروست دەکات و هەموو بوارەکانی دیکە بەدوای خۆیدا ناچاری پێشکەوتن دەکات.

ئامادەکردنی: دانا عومەر