لە نەخۆشخانەی ئیماراتی هەولێر نۆ نەخۆش لەژێر چاودێری چڕدان

04/08/2020
فۆتۆ: 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی رایگەیاند لە ئێستادا نۆ تووشبووی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكەیان لەژێر چاودێری چڕدان و لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستكردان و هۆشداری دەدات لە مەترسیداری دۆخی هەولێر.

شاخەوان خەیلانی، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: ئەوەی ئێستا لە نەخۆشخانەكەمندان زیاتر لە 60 نەخۆش هەیە، بەڵام ئێمە ناتوانین لەو ژمارەیە زیاتر نەخۆش وەربگرین ئەگەر بمانتوانیبایە ژماریە نەخۆشەكان 200 یان 300 نەخۆش دەبوو. 

ئەو روونیكردەوە، لەو ژمارەیەی لە نەخۆشخانەكەماندان نۆ نەخۆشیان لە ژێر ئامێری هەناسەدانی دەستكردان، ئەوەش بەهۆی ئەوەیە كە نەخۆشخانەی رزگاری ناتوانێت نەخۆش وەربگرێت، ئێمە ئێستا لەسەر هیچ پرۆتۆكۆڵێك ناڕۆین بەڵكو تەنها كار لەسەر ئەو نەخۆشانە دەكەین كە لە مەترسی زیاتردان. 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی وتیشی: هەركاتێك ژمارەی تووشبوون بەرزبوویەوە ژمارەی گیان لەدەستدانیش زیاد دەكات ئێمە لە ئێستادا بەرە و لوتكەی مەترسیداری و تووشبوون دەڕۆین هیوادارین هەرچی زووە لە لوتكەكە بگەڕێیینەوە خوارەوە. 

بەگوێرەی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم لە هەولێر تا ئێستا چوار هەزار و 981 تووشبوو تۆماركراوە، لە نێویاندا 136 كەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 666 كەسیش لە نەخۆشخانەكاندا ماونەتەوە.