تەندروستی سلێمانی ئاماری تووشبووانی کۆرۆنای لە رۆژانی جەژندا بڵاوکردەوە

04/08/2020
سەنتەرێکی تایبەت بە چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی ئاماری تووشبووانی کۆرۆنای لە رۆژانی جەژندا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ماوەی ئەو چوار رۆژەدا ١٦ تووشبووی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.

د. یاد نەقشبەندی وتەبێژی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی چوار رۆژی جەژنی قورباندا، ٧٨ تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە نەخۆشییەکە خەوێندراون.

روونیشیکردووەتەوە، لەو ژمارەیە ٢٢ نەخۆش لە نەخۆشخانەی شەهید تاهیر والی بەگ، ٣٣ نەخۆش لە نەخۆشخانەی شەهید هێمن، ١٣ نەخۆش لە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ و ١٠ نەخۆشیش لە نەخۆشخانەی ئاسا خەوێندراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لە ماوەی رۆژانی جەژندا ١٦ تووشبووی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی گیانیان لەدەستداوە، هەروەک ٤٣ تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.