بەهۆی تۆماركردنی حاڵەتێكی كۆرۆنا كەمپێكی ئێزدیەكان كەرەنتین كرا

05/08/2020
دیمەنێک لە یادکردنەوەی ساڵیادی کارەساتی ئێزدییەکان لەلایەن دانیشتوانی کەمپی چەممشکۆ
فۆتۆ: فۆتۆ: میهڤان مەجید

لە كەمپی چەممشكوی ئاوارە ئێزدیەكان لە سنوری قەزای زاخۆ یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركرا، بەو هۆیەوە كەمپەكە كەرەنتین كرا.

سەبری محەمەد، جێگری بەرێوەبەری كەمپی چەممشكو، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند  "سێی ئەم مانگە پیاوێكی دانیشتووی ناو كەمپ كە تەمەنی 35 ساڵە و پۆلیسە لە بەغدا لەسەر ئەركی خۆی گەراوەتەوە بۆ كەمپەكە و  ئەمڕو پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنای دەرچووە و دەركەوتووە كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنایە و رەوانەی نەخوشخانەی تایبەت بە كۆرۆنا كراوە لە دهوك". 

بەڕێوەبەری كەمپەكە راشیگەیاند بەهۆی ئەوەی ئەو تووشبووە تێكەڵای خێزانەكەی بووە هەشت كەسی ئەو خێزانە رەوانەی كەرەنتین كراون بۆ ئەوەی پشكنینی تایبەت بە ڤایرۆسەكەیان بۆ ئەنجام بدرێت. 

ئەوەشی راگەیاند كەمپەكە لە ئێستادا كەرەنتین كراوە و لیژنەیەكی تەندروستی دهۆك سەردانی دەكات، میكانیزمی مامەڵەكردن لەگەڵ كەمپەكە دیاری دەكات. 

لە قەزای زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆك تا ئێستا 50 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و یەك كەسیش لە نێویاندا گیانی لەدەستداوە.