تەقینەوەکەی بەیروت ٣٠٠ هەزار کەسی بێ ماڵ و حاڵ کردووە

05/08/2020
فۆتۆ: 

تەقینەوەکەی بەیروت ٣٠٠ هەزار کەسی ئاوارەکردووە و زیاتر لە ٣ ملیار دۆلار زیانی بە لوبنان گەیاندووە.

پارێزگاری بەیروتی پایتەختی لوبنان ڕایگەیاند، ئەو تەقینەوە گەورەیەی دوێنێ سێشەممە ڕوویدا، نزیکەی ٣٠٠ ھەزار کەسی لە دانیشتووانی ناوچەکانی دەوروبەری ئاوارە کردووە.

بەپێی وتەکانی مەڕوان عەبود پارێزگاری بەیروت، زیانی ئابووری ئەو تەقینەوە لە نێوان ٣ بۆ ٥ ملیار دۆلاردایە، بەڵام ئەوە تەنھا خەمڵاندنی سەرەتاییە و چاوەڕێی لیژنەی پسپۆڕن بۆئەوەی بەدیاریکراوی زیانەکان دیاری بکەن.

ھەروەھا نزیکەی نیوەی ڕووبەری بەیروت زیانی بەرکەوتووە، ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ ھەزار کەس بێ شوێن ماوەتەوە، لەبەرئەوەی خانووەکانیان بە تەواوی ڕووخاوە یان زیانی بەرکەوتووە و بۆ ژیان ناشێت.

ھەر بە گوێرەی وتەکانی پارێزگاری بەیروت، ئەو دۆخەی بەھۆی تەقینەوەکە ھاتووەتە ئاراوە، بەیروت لە مێژووی خۆیدا نەیبینیوە.

دوێنی دەسەڵاتدارانی لوبنان دوای دوو تەقینەوەی یەک لەدوای یەک کە یەکێکیان زۆر بەهێزبوو کە هەورێکی لەسەر بەیروت دروستکردبووە ڕایانگەیاند، پایتەخت شارێکی کارەساتبارە.

بەپێی دواین زانیارییەکان لەسەر زاری حەسەن حەمەد وەزیری تەندروستی لوبنانەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا بێسەروشوێنن لە ژمارەی کوژراوەکان زیاترە کە تا ئێستا ١٠٠ کوژراون.