ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی بەیروت بەرزبووەوە

05/08/2020
بریندارێکی تەقینەوەکەی بەیروتی پایتەختی لوبنان
فۆتۆ: فۆتۆ: فرانس پرێس
بەیروت

ژمارەی کوژراوانی تەقینەوە بەهێزەکەی بەیروت بۆ ١٣٥ کەس بەرزبووەوە و زیاتر لە پێنج هەزار کەسیش برینداربوون.

میدیای لوبنان لەزاری حەمەد حەسەن وەزیری تەندروستی وڵاتەکەیان بڵاویانکردەوە، بەپێی دواین ئامارەکان، لەئەنجامی تەقینەوەکەی رۆژی رابردووی بەندەری بەیروت زیاتر لە پێنج هەزار کەس برینداربوون و لانیکەم ١٣٥ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.




وەزیری تەندروستی لوبنان ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوەکو ئێستاش بە دەیان کەسی دیکە بێسەروشوێنن و گەڕانی تیمەکانی فریاکەوتن بەدوایاندا بەردەوامە.




پێشتریش مەروان عەبود پارێزگاری بەیروت ڕایگەیاندبوو، بەهۆی تەقینەوەکەوە، ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ ھەزار دانیشتووی بەیروتی پایتەخت و ناوچەکانی دەورووبەری ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ بوون.


بەوتەی ناوبراو، زیانی ئابووری ئەو تەقینەوەیە لە نێوان ٣ بۆ ٥ ملیار دۆلاردایە، بەڵام ئەوە تەنھا خەمڵاندنی سەرەتاییە و چاوەڕێی لیژنەی پسپۆڕن بۆئەوەی بەدیاریکراوی زیانەکان دیاری بکەن.


پارێزگاری بەیروت راشیگەیاند، ئەو دۆخەی بەھۆی تەقینەوەکەوە ھاتووەتە ئاراوە، بەیروت لە مێژووی خۆیدا نەیبینیوە.




 ئێوارەی رۆژی سێشەممە ٤ی٨ی٢٠٢٠، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەری بەیروت، پایتەختی لوبنان روویدا و دواتر دەرکەوت بڕی دوو هەزار و ٧٥٠ تۆن ماددەی نیتراتی ئەمۆنیۆم تەقیوەتەوە.


دوابەدوای رووداوەکەش حکومەتی لوبنان سێ رۆژ ماتەمینی گشتی و بۆماوەی دوو هەفتەش حاڵەتی نائاسایی لە وڵاتەکە راگەیاند، هەروەک ژمارەیەک لە بەرپرسانی بەندەری بەیروت لە ماڵەکانی خۆیاندا دەستبەسەرکران.