دواین دەرفەت لەبەردەم حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی موچە

05/08/2020
فۆتۆ: 



حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکانی خۆی تەواوکردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی نەوت و بودجە و دەروازە سنوورییەکان دەست بە گفتوگۆکانی بکاتەوە، بەم نزیکانە شاندێکی هەرێمی کوردستانەوە دەچێتە بەغدا، وەزارەتی دارایی چاوەڕوانی ئەنجامی گفتوگۆکان دەکات بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بدات.

 ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی هەواڵی ژیان کەوتوون ئاماژەن بۆ ئەوەی چارەنووسی مووچەی ئەمساڵی فەرمانبەران  بەستراوەتەوە بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەگەر حکومەتی عێراق موچەی فەرمانبەران بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت موچەی فەرمانبەران وەک خۆی نادرێت بەڵام ئاماژەی دڵخۆشکەر هەن سەبارەت بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لەچەند ڕۆژی رابردوو، حکومەتی عێراق لە رێگەی خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا داوایکردووە جارێکی دیکە شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکاتەوە بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەمریکا و بەریتانیای لەرێگەی باڵوێزخانەکانیان لە بەغدا لە هەوڵی لێکنزیککردنەوەی هەولێر و بەغدان جەختیان لەوە کردووەتەوە بگەنە رێککەوتن، بەهۆی ئەوەی ئەو دوو وڵاتە نایانەێت پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق ئاڵۆزی زیاتری تێبکەوێت.

لە دوای دەست بەکاربوونی مستەفا کازمی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق چەند پێشنیارێک لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبوون بۆ ئەوەی رێککەوتنیان لەبارەوە بکرێت، بەڵام دوو پێشنیار لە نێوانیاندا ماونەتەوە.

پێشنیاری یەکەم ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ  و کاتی پەسندکردنی بودجەی 2021 خۆی نەوت بفرۆشێت و دەروازە سنورییەکان بە هاوبەشی بەڕێوەببرێن و نیوەی داهاتەکانیان بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی فێدراڵی، لەبەرامبەردا عێراق بڕێکی دیاری کراو بودجە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت.

پێشنیاری دووەم ئەوەیە هەرێمی کوردستان داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی ناوەندی بکات و نیوەی داهاتی دەروازەسنوورییەکانی پێبدرێت و بەڕێوەبردنیشیان بکرێتە هاوبەش، لەبەرامبەردا عێراق بودجەیەکی دیاریکراو بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت.

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان وەک یەکەم وەزارەت رۆژی 27 حوزەیران مووچەی مانگی شوباتی وەرگرت بەڵام تاوەکو ئێستا دەستنەکراوە بە دابەشکردنی موچەی مانگی ئازار، بەپێی زانیارییەکان حکومەت چاوەڕوانی رێککەوتنە لەگەڵ عێراق و دوای رێککەوتن بڕیار لەبارەی چۆنییەتی دابەشکردنی مووچە دەدات.

لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکان موچەی فەرمانبەران بەپێی یاسای چاکسازی لە موچە و دەرماڵە و خانەنشینی و ئیماتیازاتەکان رێکدەخاتەوە  بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی شایستە کەمنەکرێنەوە.

یەکێتی و گۆڕانیش بەڵێنی ئەوەیان لە پارتی وەرگرتووە کە بڕینی موچە بۆ یەک مانگ بێت جەختیشیان لە پارتی کردووەتەوە کە حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی نەوت و بودجە رێکبکەوێت، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش  هیچ رێگەچارەیەکی نییە و دەبێت لەگەڵ عێراق رێکبکەوێت.