لە هەولێر ڕۆژی هەینی بازاڕەكان سنووردار دەکرێن

06/08/2020
فۆتۆ: 

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر رایگەیاند، لەپێناو ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و بازاڕە میللییە قەرەباڵغەکانی هەولێر، بۆ ڕۆژی هەینی دادەخرێ.

نەبەز حەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ى ڕاگەیاند، بە بڕیاری ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر، ڕۆژانی ھەینی، گۆڕەپانەکانی باڵندە، بازاڕە میللییەکان، پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل دادەخرێن و ڕێگە بە کردنەوەیان نادرێت .

ئاماژەى بەوەشکرد، هۆکارى داخستنى ئەو شوێنانە  لەپێناو سەلامەتی هاوڵاتییانە، چونکە شوێنى سەرەکین بۆ گواستنەوەى کۆرۆنا، هاوکات هاتووچۆکردنیش بەهەمووشێوەیەک لەو شوێنانە قەدەغەیە.

ئەمە لەکاتێکدایە، داخستنى ئەو شوێنانە لە رۆژانى هەینى لە چوارچێوەى بڕیارەکانى ژوورى ئۆپەراسیۆنى پارێزگاى هەولێرن، کە بۆ رۆژانى جەژن دەریکرد.