بەوێنە.. شوێنی هەڵگرتنی نتراتی ئامۆنیۆم لە بەندەری لوبنان

06/08/2020
شوێنی تەقینەوەکە کارەستبارەکەی بەیروت
فۆتۆ: 

دەسەڵاتدارانی لوبنان رایانگەیاند، کارەساتەکەی بەیروت نەهێرش بووە و نەتەقینەوەی یارییە ئاگریینەکان، بەڵکو تەقینەوەی مادەی نتراتی ئامۆنیۆم بووە کە چەند ساڵێک بووە لەو بەندەرە هەڵگیراوە.

حکومەتی لوبنان ڕایگەیاند، ٢٧٥٠ تۆن مادەی نتراتی ئامۆنیۆم تەقیوەتەوە، کە ماوەی ٦ ساڵ بووە لە کۆگایەکدا هەڵگیراوە و شوێنی هەڵگرتنەکەی بە "مەترسیدار" ناوبردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ماوەی چەند ساڵە ئەو مادە مەترسیدارە بەشێوەیەکی زۆر خراپ هەڵگیراوە و گوێ نەدراوە بەوەی کە چەند مەترسیدارە ئەگەر ئاگر بگرێت یان بتەقێتەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندین وێنەی شوێنی هەڵگرتنی نتراتی ئامۆنیۆم لە بەندەری بەیروت بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات دەسەڵاتدارانیش لە ئاست ئەو شێوازی هەڵگرتنە هەڵوێستیان نەبووە و بێدەنگ بوون.

لە یەکێک لە وێنەکاندا یەکێک لەکرێکارەکانی شوێنی هەڵگرتنی مادەکە دەریدەخات کە دەمامیکی سەردەمی کۆرۆنای پێوەیە و دوای دیکەش لە تەنیش مادەکەدا خەریکی کارن.

بەگوێرەی وێنەکە دەرکەوێت یەکێک لەدەرگاکانی کۆگای هەڵگرتنی نتراتی ئامۆنیۆمە چەند بێ بایەخ هەڵگیراوە.

ماڵپەڕی "بیلگ کات" کە پسۆڕە لە هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی وێنە و زانیارییەکان، ئاماژەی بەوەکردووە، بەڵێ وێنەکان هەمان شوێنی هەڵگرتنی ئەو مادە مەترسیدارە لە بەندەری بەیروت، دەرگا و سەقف و پەنجەرەکان بەڵگەن لەسەر کۆگاکانی بەندەرەکە.

هەرچەندە پێشتر لوبنانییەکان لەسەر خراپی ئیدارەدانی دەوڵەت و گەندەڵی هاتەسەر شەقام و سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی پێشووی لوبنانیان ناچار بەدەستلەکارکێشانەوە کرد، بەڵام لەسەردەمی حەسان دەیاب دەریدەخات دۆخەکە بە هەمان شێوە خراپە و گەندەڵی و خراپی دۆخی ئیدارە وەک خۆیەتی.

مێژووی هاتنی ئەو نتراتی ئامۆنیۆمە بۆ بەندەری بەیروت دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٣، ئەو کەشتییەی ئەو مادە مەترسیدارەی گواستووەتەوە، لە بەندەری باتۆمی جۆرجیاوە بە ئاراستەی وڵاتی مۆزەمبیق بەڕێکەوتووە، بەڵام بەهۆی کێشەی هونەرییەوە ئاراستەی گەشتەکەی گۆڕیووە و ناچار بووە لە بەندەر یەیروت لابدات.

دوای پشکنینی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمنی لوبنانەوە ڕێگری لە دەرچوونی کراوە، ئەویش بەهۆی ئەو بارە مەترسیدارەی کە پێی بووە.

بۆ ماوەی چەند مانگێک گەشتیەکە ماوەتەوە و دواتر دەسەڵاتدارانی بەندەرەکە بارە مەترسیدارەکەیان داگرتووە، ئەویش بەهۆی مەترسی تەقینەوەی مادەکە لەسەر پشتی کەشتییەکە، بەڵام دواجار ئەو ماوە درێژە بەو بێ بایەخییە هەڵگیراوە و ئەو کارەساتەی لێکەوتووەتەوە.