وادەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی کازمی بۆ ئەمریکا دیاریکرا

06/08/2020
فۆتۆ: 

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ٢٠ی ئەم مانگەدا سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات و چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەو وڵاتە دەکەوێت.

فەرهاد عەلائەدین سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری عێراقی ڕایگەیاند، سەردانەکەی کازمی لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ دەرەوەی وڵات، کە ئامانج لێیان بەدەستهێنانی پشتیوانی و کۆمەکە بۆ عێراق، بەمەبەستی ڕزگاربوون لەو قەیرانە داراییەی کە ئێستا تێیکەوتووە.

ڕوونیشکردەوە لەسەردانەکەیدا گفتوگۆش دەکرێت لەسەر چەند دۆسیەکی دیکەی ئەمنی و سیاسی و ئابوری لەسەرو هەمووشیانەوە گفتوگۆی ستراتیژی عێراق و ئەمریکا، کە لە١١ مانگی حوزەیرانی ڕابردوو بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە لێپرسراوانی هەردوولا لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە و ڕاوێژکارانی حکومەت دەستی پێکرد.

لەلایەکی ترەوە سەرچاوەیەک لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، سەردانەکەی مستەفا کازمی بەشێوەیەکی مەبدەئی لە ٢٠ی تەموزی ڕابردوەوە پەسەند کراوە، بەڵام دواخستی سەردانەکەی ناوبراو بۆ سعودیە بووە هۆی گۆڕینی کاتی سەردانەکان، لەوانەش سەردانەکەی بوو بۆ واشنتۆن کە لایەنی ئەمریکی ئامادەکارییان  بۆ کردبوو.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە شاندەکەی عێراق، چەندین ڕاوێژکار و فەرماندەی سەربازی و ئەمنی عێراق لەخۆ دەگرێت، کە بڕیارە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی باڵای دیکەی ئەمریکا کۆببنەوە.

لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا فەرهاد عەڵائەدین ئاشکرایکرد، خولی دووەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێدەکاتەوە، دوای ئەوەی وادەی سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا دیاریکرا، کە ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە ئەنجامی دەدات.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم خولەی گفتوگۆکان بایەخێکی گەورەیان هەیە، بۆ دیاریکردنی ڕۆڵ و بوونی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و دۆسیەی ئەمنی و دۆخی سیاسی بە گشتی و پشتیوانی کۆمەکی ئابوری عێراق، کە کازمی دەیەوێت لەلایەن ئەمریکییەکانەوە بەدەستی بهێنێت.

سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمریکا بەدووەم سەردانی بۆ دەرەویە وڵات دادەنرێت دوای ئەوەی لە مانگی ڕابردوودا سەردانی تارانی کرد.