"لەگەڵ كەمكردنەوەی موچەی سەرجەم فەرمانبەراندام"

08/08/2020
فۆتۆ: 

سكرتێری حزبی سۆسیالست رایگەیاند، ململانێی حزبەكانی هەرێم لە سەر فكر و ئایدۆلۆژیا نیە، بەڵكو لەسەر دەسەڵات و پارەیە، ئاماژە بەوەش دەكات بۆ ئەوەی موچەی کەسە ناشایستەکان نە بڕدرێت دەبێت موچەی سەرجەم موچەخۆران کەمبکرێتەوە.

محەمەدی حاجی مەحمود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: ململانێی حزبەكان لە سەر فكر و ئایدۆلۆژیا نیە، بەڵكو لەسەر دەسەڵات و پارەیە، لەسەر شتی دیكە نیە ئەوان ئەگەر باش بیر بكەنەوە هەم دەسەڵات و هەم پارە بەشی هەموویان دەكات، بەڵام پێویستە چاویان لە ژیانی خەڵكیش بێت. 

ئەو لە دیدارێكدا لەگەڵ میدیای فەرمی حزبەكەی لەیادی 44 ساڵەی دامەزراندنی حزبەكەیدا وتیشی: پەرلەمان پەرلەمانی حزبەكانە، ئەوان كە دەنگی خەڵكیان وەرگرتووە، بەڵام بە فەرمانی حزبەكان كاردەكەن و دەیانجوڵێنن. 

سكرتێری حزبی سۆسیالیست وتیشی: كێشەمان لەگەڵ بەغدا نیە ئێمە مەسەلەمان هەیە، بەڵام بەغدا كێشەی لەگەڵ كوردستان هەیە، ئەوان ئامادە نین ئەو دەستورە جێبەجێ بكەن كە خۆیان دایانناوە. لە عێراقدا كورد بە شەریك نازانن، بەڵكو بە هاوڵاتی دووەم و سێهەمی دەزانێت.

روونیشیكردەوە، لە ئەدائی كاركردنی حكومەتی هەرێم رازی نیە هەر لەیەكەم كابینەوە تا ئێستا، بەڵام عێراق داوای هەرچی كردووە هەرێم جێبەجێی كردووە، لە ئێستادا حكومەتی عێراق رازی بووە كە 300 ملیار دینار بداتە هەرێم لەبەرامبەردا نیوەی داهاتی نەوت و ناوخۆی هەرێم رادەستی بەغدا بكرێت. 

باسی لەوەشكرد، پێویستە داهاتی هەرێمی كوردستان كۆبكرێتەوە و واز لە قاچاخچێتی بهێنن و هێنانی مادەی هۆشبەر وازلێبێنن و داهاتەكان كۆبكەنەوە رێكی بخەن بەشی موچەش و بودجەی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەو دەشڵێت: حكومەتی هەرێم چاكسازی پێ ناكرێت لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی بەسەر هەموو هەرێمدا نیە، بەشێكیش لە حزبەكان لەگەڵیدا نین. 

ئەو داوا دەكات حكومەتی هەرێم موچەی خەڵكی نەبڕێت بەڵكو موچەی سەرجەم موچەخۆران كەمبكرێتەوە، لەبەر ئەوەی ناتواندرێت موچەی هەموو خەڵكە ناشایستەكان ببڕیدرێت چونكە بەشێك لە حزبەكان ئاستی جەماوەریان لەدەستدەدەن بۆیە قبوڵی ناكەن. 

محەمەد حاجی مەحمود روونیدەكاتەوە هەرێم و بەغدا قەت رێكناكەون ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوان نایدەن ئەوەشی ئەوان دەیانەوێت ئێمە بۆمان جێبەجێ ناكرێت. 

 لە دیدارەیدا باسی ئەوەش دەكات، هیوادارە ئەو فكرە و بۆچونانەی كە ئێستا هەیە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم و راسدەتكردنی هەموو شتێك بە بەغدا نەمێنێت، لەبەر ئەوەی "ئێمە كاتێك دەستمان  دایە چەك خەباتمان بۆ ئازادی و سەربەرزی میلەتەكەمان كردووە".