بەوێنە.. پێشکەوتووترین تونێل لە ئەمریکا ئاشکرابوو

08/08/2020
تونیلەکە سیستمی هەواگۆڕکێ و ئاو و کارەبای تیا بووە
فۆتۆ: 

دەسەڵاتدارانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تونێلێکیان لەژێر زەویدا و لە نێوان سنوری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و مەکسیک ئاشکرا کردووە، کە درێژ بووەتەوە بۆ ویلایەتی ئەریزۆنا.

دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ئەو تونێلەیان بە پێشکەوتووترین تونێل ناوبردووە، کە لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ئاشکرا کراوە.

دەسەڵاتدارانی سەر بە دەزگای گومرگ و کارمەندانی یاسای کۆچ ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ، ئەو تونێلە تەواونەکراوەیان لە کاتی هەڵکەندنی چاڵێک لە ناوچەیەکی ویلایەتی ئەریزۆنا ئاشکراکردووە.

بەگوتەی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا پانی تونێلەکە کەمترە لە یەک مەتر و بەرزییەکەشی یەک مەتر و ٢٠ سانتیمەترە، ئەوەش ڕێگە دەدات بە تێپەڕبوونی کەسێک.

تونێلەکە سیستمێکی تەواوی هەواگۆڕکێ پێشکەوتوو، تۆڕی ئاو و کارەبا و هێڵی ئاسن و سیستمی کۆمەکی هەمەجۆری بۆ دابینکراوە.

کارل لاندۆم فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنور لە ناوچەکە لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند "ئەو تونێلەی کە ئاشکرا بووە، بە یەکێک لە هەرە پێشکەوتووترین تونێلەکانی مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دادەنرێت، کە لە مێژووی کارەکەیدا بینوویەتی.

پرۆسەی هەڵکەندن لەو ناوچەیەی ویلایەتی ئەریزۆنا لە کۆتایی مانگی ڕابردوەوە دەستی پێکردووە، دوای ئەوەی هەواڵ بەدەسەڵاتدرانی ئەمریکا  دراوە، سەبارەت بە هەڵکەندنی چاڵێک لە نزیک دیواری سنوری نێوان ئەمریکا و مەکسیک.

لێکۆڵەرە ئەمریکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن تا ئێستا نازانن ئەو تونێلە بۆچ مەبەستێک بنیاتنراوە، بەڵام بەزۆری قاچاغچییەکان لەڕێگەیەوە کەسان و مادەی هۆشبەری لێوە دەبنە ناوخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.